کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە سەردەشت کۆچی دوایی کرد

16:36 - 20 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، کاک "عەزیر وەجاخ"، کوڕی "سەلیم ئاغا"،  تێکۆشەری بزووتنەوەی ساڵەکانی ٤٦ـ٤٧ی هەتاوی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی گوندی "سۆنێ" سەر بە شاری "سەردەشت" بەهۆی نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری "ورمێ" ماڵاوایی لە ژیان کرد.

كاک "عەزیز وەجاخ" لە بنەماڵەیەکی حیزبی و نیشتانپەوەری ناوچەکە لەدایک بووە و بە هەست و بیری کوردایەتی پەروەردە کراوە و لە ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوییەوە بووەتە ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.

كاک "عەزیز" لە كۆنگرەی دووھەمی حیزبی دێموكرات كە لە "قۆماڵ و قۆچاڵانـ"ـی سەر بە گوندی "سۆنێ" گیرا، بە نوێنەرایەتیی ئەندامانی حیزب ھاوڕێ لەگەڵ کۆچکردوو مامۆستا "مەلا نەجمەدین كەوكەبی" بەشدار بووە.

هەروەها كاک "عەزیز" ساڵی ١٣٤٥ لە كۆنفرانسی "سەری گۆمێ" بە ئەندامی كۆمێتەی "گۆڕ مووسا" ھەڵبژێردرا.

كاک "عەزیز وەجاخ" لە پاییزی ١٣٤٧ی هەتاوی لەگەڵ مامۆستا "مەلا نەجمەدین" و چەند كەس لە ئەندامانی حیزب لەلایەن ڕێژیمی دیكتاتۆری "حەمە ڕەزاشا" دەسبەسەر کرا و  تا شۆڕشی دزراوی گەلانی ئێران لە بەندیخانەی "دەریا" مایەوە و دوای ئازادبوونی لە ڕیزی حیزبەكەی خۆی واتە حیزبی دێموکرات، دەستی بە کار و تێكۆشان كردووە.

هەروەها لە كۆنفرانسی شارۆچکەی "میراوێ" سەر بە سەردەشت بۆ كۆنگرەی چوار و بەشداریی لە كۆنگرە ھەڵبژێردرا و لە كۆنگرەی چواری حیزبدا بەشداریی كرد.

دوای كۆنگرەی چوار، لە كۆنفرانسی "بێشاسپ" بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمیتەی شارستان بە ئەندامی كۆمیتەی شارستان ھەڵبژیردرا.

لە كۆمیتەی ناوچەی "میراوێ" لە بەشی كۆمەڵایەتی چالاكانە تێدەكۆشا و ئەرکەکانی ڕادەپەڕاند.

كاک "عەزیز" دوای مانگی بەرگری و ھێرش لەبەر نالەباری بارودۆخی ژیانی ماڵ و منداڵی، گەڕایەوە و لە "میراوێ" نیشتەجێ بوو.

بەداخەوە نەخۆشی بڕستی لە کاک "عەزیز" بڕی و ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خەزەڵوەر کۆچی دوایی کرد.

کاک "عەزیز" لە زێدی خۆی و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی شارەکەیدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری کاک"عەزیز" بە تایبەت بنەماڵەی گەورەی "سەلیم ئاغای وەجاخ" و ھاوڕێیانی و گوندی "سۆنێ" و بەگشتی خەڵکی سەردەشت دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.