کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە پیلانەکانی دژ بە خەڵکی کوردستان بەردەوامە

18:04 - 10 خەزەڵوەر 2722

بەپێی هەواڵێک کە بە ژووری ناوەندی هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە ڕێژیم لە "پیرانشار" لە پیلاندایە کە بە ناوی پێشمەرگەوە تەقە لە خەڵک بکات.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەو پیلانەدا، ڕێژیم ماشینێکی لە جۆری "سەمەند"ی بێ پلاکی داوە بە کەسێکی خەڵکی "بادیناوێـ"ـی سەر به ناوچەی "پیرانـ"ـی سەر بە پیرانشار کە لەگەڵ سێ کەسی دیکە بە ناوی پێشمەرگەوە هێرش بکەنە سەر خەڵک و تەقە لە خەڵک بکەن و دەست لە کەس نەپارێزن.

ڕێژیم بەو کارە دەیەوێت ناوی پێشمەرگە لەنێو خەڵکدا لەکەدار بکات و شکۆ و هەیبەتی پێشمەرگە لەلای خەڵک بشکێنێت.

ڕێژیمی ئێران خۆی ڕاستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەران دەکات و هەتا ئێستا چەندین کەس بە دەستی هێزەکانی ڕیژیمی ئێران لە شەقامەکاندا شەهید بوونە کە بەشێکیان منداڵ و مێرمنداڵن.

ساڵی ٨٨ی هەتاویش لە هەوڵێکی هاوشێوەدا، بەشێک لە مەنگوڕەکانی شاری "مەهاباد" لە بۆنەیەکی ڕێژیمدا کاتێک لە حاڵی بەڕێوەچوونی ڕێژەدا ببوون، لەلایەن کەسانی چەکداری سەر بە خودی ڕێژیمەوە تەقەیان لێ کرا  کە ڕێژیم دەیهەویست ئەو کارە تێرۆریستییەی خۆی بخاتە پاڵ حیزبە کوردییەکان.

ناوی ئەو بەکرێگیراوانە لەلایەن ماڵپەڕی کوردستان میدیاوە پارێزراوە  و لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هەوڵێکی دیکە دژ بە خاک و نەتەوەکەیان ناویان بڵاو دەکرێتەوە.