کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدوانی بەناو نوێنەرانی خەڵک بۆ خۆپیشاندەران وەدرۆ خرایەوە

16:40 - 20 خەزەڵوەر 2722

دوای ئەوەیکە ٢٢٧ بەناو نوێنەری خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم، لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە دەزگای دادی ڕێژیم کردبوو کە خۆپیشاندەران لە سێدارە بدرێن، دواتر هێندێکیان بۆ ئەوەیکە خۆیان بە خەمخۆر و هاودردی خەڵک پیشان بدەن، واژۆکردنی ئەو بەیاننامەیەیان ڕەت کردووەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، ٢٢٧ بەناو نوێنەری خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم، لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە دەزگای دادی ڕێژیم کردبوو کە خۆپیشاندەران لە سێدارە بدرێن.

لەو بەیاننامەیەدا بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم خۆپیشاندەرانیان بە "داعش" وەسف کردووە و ئیدعایان کردووە کە "ئەو کەسانە بە چەکی سارد و گەرم هێرش دەکەنە سەر گیان و ماڵی خەڵک و مەترسییان بۆ خەڵک دروست کردووە".

لەنێوان پێڕستی ئەو بەناو نوێنەرانەی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم کە ئەو بەیاننامەیان واژۆ کردووە بەشێکی زۆر لە بەناو نوێنەرانی شارەکانی کوردستانیش بوونیان هەیە کە دەنگی ئەرێنییان بەو بەیاننامە داوە.

"جەلال مەحموود زادە" بەناو نوێنەری خەڵکی مەهاباد، لە چەواشەکارییەکدا ڤیدئۆیەکی بڵاو کردەوە کە ئەو بەیاننامەی واژۆ نەکردووە، بەڵام دوای ئەوەیکە لیستی واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە بڵاو کرایەوە، ناوبراو وەدرۆ کەوتەوە و بۆ خەڵک ئاشکرا بوو کە تەنیا گوێڕایەڵی بڕیاراتی ڕێژیمە.

واژۆکرانی ئەم بەیاننامە لەلایەن خەڵکی ئازادیخواز کە بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواکانیان بەتایبەت لە کوردستان دژی ڕێژیم هاتوونەتە شەقام دەنگدانەوەیەکی زۆری لێ کەوتەوە و کەوتنە بەر ڕق و قینی خەڵک.

واژۆکردنی ئەم بەیاننامەیە لەلایەن بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە کۆمەڵگای جیهانی بەشێوازی جۆراجۆر پشتیوانیی خۆی لە خۆپیشاندران دەردەبڕێ و داوا لە بەرپرسانی خوێنڕێژی ئێران دەکا کە واز لە سەرکوت و شەهیدکردنی خەڵک بێنن.