کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان درێژەی هەیە

16:42 - 20 خەزەڵوەر 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی ٢٠ی خەزەڵوەر چالاکی و خۆپیشاندانی هاووڵاتییان دژی ڕێژیمی ئێران لە چەند شاری ئێران دەستی پێ کردووە.

لە شاری زاهیدان سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیم هێزێکی زۆری بۆ سەرکوتی خەڵک ڕەوانەی ئەو شارە کردووە، بەڵام لاوانی بوێر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پایەگایەکی بەسیجیان لە "نوسرەت ئاباد" ئاگر تێبەردا.

لە شاری "سەراوان" خۆپیشاندەران بۆ دەستپێکی خۆپیشاندان لە شەقام ئاگریان کردەوە.

لە شاری "بیرجەندیـ"ـش خەڵکی ئازادیخواز وێنەی "خامنەیـ"ـیان ئاگر تێبەردا.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خەزەڵوەر، لە شارەکانی "تاران، قوم، مەشهد، ئیسفەهان، زاهیدان، بێهبەهان، ئەحواز" و چەند شاری دیکە خۆپیشاندان دژی ڕێژیم درێژەی هەبوو.

شەوی پێنجشەممەش لە کوردستان لە شارەکانی "سنە، بۆکان، سەقز و مەهاباد" هاووڵاتییان هاتنە شەقام و بۆ نەمانی ئەو ڕێژیمە دروشمیان دا.

نزیکەی دوو مانگە ڕاپەڕینی سەرانسەریی  لە شارەکانی کوردستان و ئێران بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بێپسانەوە درێژەی هەبووە و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان بڕیاریان داوە هەتا ڕووخانی ئەو ڕێژیمە دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن.