وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بریتانیا و فەرانسە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرکوتی دڕندانە و خوێناویی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستانیان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئەو ڕێژیمەوە بەتوندی مەحکووم کرد.
لەو بەیاننامەیدا کە ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا بڵاو بووەتەوە هاتووە کە بریتانیا و فەرانسە، ڕاپەڕین و شۆڕشە مەزنەکەی خەڵکی ئێران بە دروشمی ''ژن ژیان ئازادی'' بە ڕەوا دەزانن و سەرکوتی دڕندانە و کوشتنی خەڵکی ناڕازیی ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتوندی مەحکووم دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا ڕایانگەیاندووە کە پشتیوانیی سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە ڕووسیە و شەڕ دژی ئۆکراین لە ڕێگای دڕۆنەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتوندی مەحکووم دەکەن.