کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامێک لەلایەن خەڵکی مەهابادەوە بۆ نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیس

10:52 - 21 خەزەڵوەر 2722

خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری شاری مەهاباد، ڕوو بە جەلال مەحموودزادە، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە مەهاباد پەیامێکیان بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە:

بەڕێز جەلالی مەحموودزادە، ئێوە بە دەنگی خەڵک سێ خول نوێنەری ڕێژیمی ئاخوندی لە مەجلیس بوون و بەردەوام هەوڵتان بۆ گەیشتن بە ئامانجە تاکە کەسییەکانتان وهەروەها خزمەت بە کەسوکارتان داوە، بەڵام لەم ڕۆژانەدا کە هەستیارترین ڕۆژانی خەباتی گەلی کورد دژی ڕێژیمی داگیرکەرە، بەردەوام گرتە ڤیدیۆ و قسە بڵاو دەکەیتەوە کە تۆ لە بەرەی خەڵکدای و نوێنەری ئەو خەڵکە لە پارلمانی ڕێژیمی، بەڵام تا ئێستا جەنابت هیچ قسەیەکت لەسەر مافی خەڵکەکەی خۆت لە مەجلیسی ڕێژیم نەکردووە، بۆیە ئێستا داوا لە جەنابت دەکەین کە بیسەلمێنی لە بەرەی خەڵکدای و هیچ پێوەندییەکت بە ڕێژیمی ئاخوندییەوە نییە و خەڵکی کوردستان و شارەکەی خۆت لە ڕێژیم بۆ گرینگترە.

بۆیە دەبێ جەنابت لەم حەوتوویەدا دەست لەکار کێشانەوەی خۆت لە مەجلیسی ڕێژیم ڕابگەیەنی، خۆت لەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵت بێبەری بکەی، بێیتە ڕیزی خەڵکەوە، دەنا ئەگەر ئەو کارە نەکەی ڕووبەڕووی دژکردەوەی خەڵکی کوردستان بەتایبەتی مەهاباد دەبێتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە ٢٢٧ کەس لە نوێنەرانی ڕێژیم لە مەجلیس لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە دەزگای دادی ڕێژیم کردبوو کە خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرکراو لە سێدارە بدرێن.

لە نێوان پێڕستی ئەو بەناو نوێنەرانەی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم کە ئەو بەیاننامەیان واژۆ کردووە بەشێکی زۆر لە بەناو نوێنەرانی شارەکانی کوردستانیش هەن کە وەکوو جەلال مەحموودزادە دەنگی ئەرێنییان بەو بەیاننامەیە داوە.

"جەلال مەحموود زادە" لە چەواشەکارییەکدا ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کە ئەو بەیاننامەی واژۆ نەکردووە.