ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، دوای ناشتنی تەرمی شەهید "هێمن هەمزە" کە بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم لەو گوندە شەهید بوو، خەڵکی داخ لە دڵی بێوران و ناوچە هێرشیان کردە سەر بنکەی بەسیجی ڕێژیم لەو گوندە و ئاگریان دا.
لەو هێرشەی خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەدا، بنکەکە بە هەموو کەلوپەلەکانیەوە ئاگری گرتووە و هێزەکانی ڕێژیم لە بنکەکەوە تەقەیان لە خەڵک کردووە.
خەڵکی بەهەڵوێستی ناوچەی بێوران، هاوکات لەگەڵ هێرش بۆ سەر ئەو بنکەیەی ڕێژیم، ماشینێکی هێزەکانی ڕێژیمیان ئاگر دا.
ئەو ڕووداوانە کاتێک ڕوویان داوە کە خەڵکی شۆڕشگێڕی بێوران و ناوچەکە دژ بە ڕێژیم، خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردبوو و ئاڵای کوردستانیان هەڵکردبوو و دروشمیان دابوو کە دواتر لە بەرەوڕووبوونەوەی هێزەکانی ڕێژیم و خەڵکدا، لاوێکی خەڵکی بێوران بە ناوی "هێمن هەمزە" بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم شەهید و چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بریندار ببوون.