ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە گوندی ''بێورانی خوارێ'' سەر بە شاری سەردەشت، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، هێزی ئینتیزامی و هەنگی سنووریی ڕێژیمەوە هێرش کرایە سەر خەڵکی ئەو گوندە و لاوێک بە ناوی "هێمن هەمزە" بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی کڵاش شەهید کرا.
بە پێی زانیارییەکان پاش شەهیدبوونی ئەو لاوە کوردە، لەنێوان خەڵکی ئەو گوندە و هێزەکانی ڕێژیم شەڕ و تێکهەڵچوونێکی نابەرامبەر هاتە ئاراوە و خەڵک ماشینێکی هێزەکانی ڕێژیمان ئاگر دا و چەند کەسیشیان لەو هێزانە بریندار کرد.
خەڵک لە کاتی گەڕانەوەی تەرمی شەهید "هێمن" لە نەخۆشخانە بەرەو "بێوران" دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی"یان وتووەتەوە و ڕێگایان بەرەو فەرمانداری گۆڕیوە و بە دار و بەرد هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ڕێژیم و دروشمی دژی ڕێژیمیان وتوەتە؛ هیزەکانی رێژیم ڕاستەوخۆ بە چەکی ساچمەیی و کڵاش وڵامی خەڵکیان داوەتەوە کە لە ئاکامدا دوو خوشک و برایەکی شەهید "هێمن هەمزە" بریندار بوون. خوشکێکی شەهید هێمن بە ناوی "ئامینە هەمزە" ساچمە بەر چاو و چەناگە و ملی کەوتووە و هەر ئەو کات بەهۆی قووڵی برینەکانییەوە ڕاگوێزراوەتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری "ورمێ" و بەپێی زانیارییەکان دۆخی تەندروستیی زۆر نالەبارە.
دوابەدوای ئەو ڕووداوانە خەڵکی "بێوران و سەردەشت" تەرمی شەهید "هێمنـ"ـیان بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و سروودی "ئەی ڕەقیب و ئەی شەهیدان" و هەروەها دروشمی "شەهید نامرێ" و چەپڵەڕێزان لە زێدەکەی ئەسپاردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کردووە.
دوای ناشتنی تەرمی شەهید "هێمن" کۆمەڵێک لاو هێرشیان کردە سەر بنکەی بەسیجی ئەو گوندە و ئاگریان دا.
تا ئێستاش لاوەکانی گوندی بێوران و سەردەشت بە نیشانەی ناڕەزایەتی ڕێگاکانیان گرتووە و لەسەر شەقامن.