کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو سیخوڕی ئێرانی لە سوئید دەسبەسەر کران

12:02 - 21 خەزەڵوەر 2722

دوو برا بە ناوەکانی ''پەیمان و پەیام کیا'' کە بە ڕەگەز ئێرانین و لە وڵاتی سوئید نیشتەجێن، لە ساڵی ٢٠٢١ بە تاوانی سیخوڕی دەسبەسەر کراون و ئێستا ڕوون بووەتەوە کە سیخوڕییان بۆ ڕووسیە کردووە.

''پەیمان کیا''ی تەمەن ٤١ ساڵ کە لە ناوەند ئەمنییەتی و یەکە نهێنییەکانی ئەرتشی سوئید کاری دەکرد لە مانگی سێپتامبری ساڵی ٢٠٢١ بە تاوانی سیخوڕی دەسبەسەر کرا.

ناوبراو ساڵانێک لەنێو پۆلیسی ئەمنییەتی سوئید (سێپۆ SÄPO) و هەروەها نووسینگەی کۆکردنەوەی زانیاریی تایبەتی لە یەکەکانی زانیاری ئەرتشی ئەو وڵاتە خەریکی کارکردن بووە.

 پەیام کیا برای پەیمان کە لەو ساڵەدا تەمەنی ٣٤ ساڵ بووە، لە نۆڤامبێری ساڵی ٢٠٢١ لە سەر هەمان کەیسی سیخوڕی کە بە وتەی دادستان، زیانی بە ئەمنییەتی نەتەوەیی سوئید گەیاندووە دەسبەسەر کراوە. ئەم دوو برایه لە کاتی دەسبەسەرکرانیان تاکوو ئێستا نزیکەی ساڵێکە لە بەندیخانەدان.

پەیمان کیا دانیشتووی شاری ئۆپسالایە (Uppsala) و سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی سێپتامبر ٢٠٢١ لەلایەن پۆلیسی ئەمنییەتی سوئیدەوە ڕاپێچی زیندان کراوە.

ناوبراو لەدایکبووی شاری تارانە و لە ساڵی ١٩٨٥ هاتووەتە سوئید و زمانی فارسی بە باشی دەزانێ و لە ساڵی ١٩٩٤ بووە بە شارۆمەندی سوئیدی.

بەپێی نووسینی ڕۆژنامە سوئیدییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی پەیمان کیا، براکەی پەیام کیا ''هارد درایڤی'' کامپیۆتری براکەی لە کامپیوترەکە دەرهێناوە و شکاندوویەتی.

ئەم هارد درایڤە لە کۆتاییدا لەلایەن پۆلیسی شاری ئۆپسالاوە و لەنێو سەتڵی زبڵەکاندا دۆزرایەوە.

بەپێی داواکاریی دادوەری دادستان لە ماوەی ١٠ ساڵ، واتە لەنێوان ساڵانی ٢٠١١ تاکوو کاتی گرتنی لە سێپتامبری ساڵی ٢٠٢١ لە بواری کارەکەیدا لە پۆلیسی ئەمنیەتی (SAPO) و هەروەها لە دەفتەری کۆکردنەوەی زانیاریی تایبەتی لە یەکەکانی زانیاریی ئەرتەشی سوئیددا سیخوڕیی ئەنجام داوە.

بەو تێبینییەی کە ئەم دوو برایە ئێرانین، گۆمانەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەمانە زانیاری و سیخوڕیان بۆ ڕێژیمی ئێران کردووە، بەڵام بەپێی یەکەم دانیشتنی دادگا ڕوون بوەتەوە کە ئەم برایانە تەواوی ئەو زانیارییە نهێنیانەی کە کۆیان کردووەتەوە و بەهۆی کارەکەیان دەستیان پێ گەیشتوون، بە ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکانی ڕووسیەیان فرۆشتووە و لە بەرانبەریشدا بە میلیۆنان کۆرۆنیان دەست کەوتووە.

بەپێی هەستیاربوونی زانیارییەکان کە ئەم دوو برایە بە دەوڵەتێکی بێگانەیان فرۆشتووە، سزای ئەم دوو برایە بە ''سیخوڕیی قورس'' دەست نیشان کراوە.

بەپێی وتەی دادستانی سوئید ئەم دوو برا ئێرانییە ئاسایشی نەتەوەیی سوئیدیان خەوشدار کردووە.

سزای سیخوڕی لە سوئید ٦ ساڵ زیندانییە، بەڵام سزای سیخوڕی قورسی ئەم دوو برایە کە تاوانبارن، لە ٤ ساڵ تا وەکوو ١٨ ساڵ زیندانی لە یاسادا دیاری کراوە.

"پێر هێرمانروود" شیکەرەوەی تلویزیۆنی ٤ی سوئید وتی: "ئەم دوو کەسە هەستیارترین زانیاریان لەسەر ئاسایشی ئەمنییەتی سوئید لە ماوەی ١٠ ساڵ بە ڕووسیەیان داوە''.

ناوبراو وتی کە ئەم کەیسە دەتوانرێ یەکێک لە جیددیترین کەیسی سیخوڕی لە مێژووی سوئید بێت.

سوئید یەکێک لەو دەوڵەتە دیارانەی ڕۆژاوایە کە پۆستی هەستیار و بەرزترین پێگەی دەوڵەتی، سیاسی، نیزامی و ئەمنییەتیی بە شێوەیەکی بەربڵاو بە بێگانە و کۆچبەران دەدا.

ناو و وێنەی ئەم دوو برا سیخوڕە ئێرانییە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ڕاگەیەندنەکانی سوئید وەک ڕۆژنامەی پڕخوێنەری ''ئافتونبلادت، ئێکسپرێسن و داگێنزنیهێترە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

بە وتەی تلویزیۆنی ٢ی سوئید، ئەم دوو برایە لەگەڵ دەوڵەتی ئێرانیشدا نێوانیان باش بووە و ڕەنگە زانیاریشیان بە ئێران فرۆشتبێ، بەڵام تاکوو ئێستا زانیارییەکان باسی ڕووسیە دەکەن.