کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچێکی ١٦ ساڵە لە دێولان بەهۆی زەربەی باتوم کەوتە کۆماوە

20:14 - 21 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، "هەستی حوسێن پەناهی" قوتابیی تەمەن ١٦ ساڵە و خەڵکی دێولان، بەهۆی زەربەی باتوم تووشی خوێنبەربوون بووە و چووەتە کۆماوە.

"هەستی حوسێن پەناهی" بەهۆی نالەباری دۆخی تەندروستی بە هێلیکۆپتێر لە نەخۆشخانەی دێولانەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری سنە.

دایکی هەستی وتوویەتی کە لە قوتابخانە باتومیان لە سەری داوە و ئاسەوارەکەی بە ڕوونی دیارە.

باوکی ئەم کچە قوتابییە لەو پێوەندییەدا هەڕەشەی لێ کراوە و پێیان وتووە کە بە خەڵک بڵێ کچەکەم لە ماشین خۆی فرێ داوەتە خوارەوە. 

ئێستا دۆخی تەندروستیی "هەستی حوسێن پەناهی" نالەبارە و لە بەشی ''ئای سی یووی'' نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە لە کۆمادایە.