کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران گیانی خۆیان بۆ دابینکردنی ئازادی و دادپەروەری دەخەنە مەترسییەوە

10:39 - 22 خەزەڵوەر 2722

سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان ڕایگەیاند کە گەمارۆگەلێکی زیاتر دژی ڕێژیمی ئێران، بەهۆی سەرکوتی خوێنینی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و هەروەها پێشیلکردنی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە لە ڕێگەدایە.

ئۆلاڤ شۆلتز، سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان، ڕۆژی شەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەهۆی سەرکوتی خوێنینی خەڵکەوە پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئێران وکوردستان بە دروشمی" ژن ژیان ئازادی"، ئاڵمان گوشار و گەمارۆی زیاتر دەخاتە سەر سپای پاسدارانی ڕێژیم و هەروەها بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێژیمە.

 ناوبراو سەرەڕای دەربڕینی پشتیوانیی وڵاتەکەی لە خەڵکی ناڕازی و راپەڕیوی ئێران بەدژی ئەو دەسەڵاتە وتی: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەدەستمان گەیشتووە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە هاووڵاتییانی ئێران بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژراون و ئاڵمان هەوڵ دەدا کە بەڵگەی زیاتر لەسەر بکەرانی ئەو جینایەتە کۆ بکاتەوە و بیدات بە دادگایەکی دادپەروەر.

سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان لە کۆتاییدا ئەو ناڕەزایەتیدەربڕینەی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لە شەقامەکان پاش کوشتنی بەئەنقەستی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی بە شۆڕشێک ناوبرد کە خەڵکی ئێران وکوردستان بۆ دابینکردنی ئازادی و دادپەروەری گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.