کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم له‌ سنه و بۆکان‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ قوتابییان ده‌كات

10:35 - 22 خەزەڵوەر 2722

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شارەکانی سنە و بۆکان هەڕەشە لە قوتابییانی قوتابخانەکان دەکا و دەیهەوێ لە ڕێگەی بەرپرسانی قوتابخانەکانەوە منداڵان بکەن بە بەسیج.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە شاری سنە چوونەتە نێو قوتابخانەکان و بە قوتابییانیان وتووە کە هێندێکتان گرتە ڤیدیۆمان لەسەرتان هەیە کە لە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکاندا بەشداربوون، بۆیە دوایی دەسبەسەر دەکرێن.

لە قوتابخانەی "نایسەر"ی سەر بە شاری سنە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، هەڕەشەی لە قوتابییان کردووە و وتوویەتی کە هێزە ئینتیزامی و چەکدارەکان دێنمە قوتابخانە کە دەستبەسەرتان بکا؛ کە ئەمە ترسانی هێندیک لە قوتابییانی کەم تەمەنی لێ کەوتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە حەراسەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سنە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی بانگ کردوون و هەڕەشەی لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان کردووە کە دەبێ سیخوڕی لەسەر قوتابییان بکەن و ئەو کەسانەی کە لە خۆپێشاندانەکاندا بەشدار دەبن، ڕاپۆرتیان لێ بدەن.

هەروەها لە قوتابخانەی ١٢ی فەروەردینی گەڕەکی مەجبوورئاوای بۆکان، بەڕێوەبەری گشتیی قوتابخانەکە کە خۆی خۆفرۆشە، دەیهەوێت بە زۆری قوتابییان بکا بە بەسیجی و ڕۆژانە دەچنە نێو قوتابخانەکان و باسی دیکتاتۆر و خوێنمژ خومەینی و خامنەییان بۆ دەکەن.

شایانی باسە کە ناوی ئەو دوو بەڕێوەبەری قوتابخانەی سنە و بۆکان، لەلای ماڵپەڕی کوردستان میدیا پارێزراوە و ئەگەر واز لە کردەوە قێزەونەکانیان نەهێنن ناوەکانیان لەقاو دەدرێن و دەخرێنە بەر بیروڕای گشتیی خەڵکەوە.