ڕۆژی شەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە گوندی "بێورانی خوارێ" خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو؛ هەروەها لە شاری سەردەشتیش لە ناڕەزایەتی بە ڕژانی خوێنی بەناحەق ڕژاوی شەهید "هێمن" خەڵک دووکان و بازاڕەکانیان داخست و بەو شێوەیە ڕق و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بە ڕێژیم نیشان دا.
سەر لە ئێوارەی دوێنی شەممە، خەڵک لە کۆڵان و گەڕەکەکانی گوندی بێورانی خوارێ لە تۆڵەی خوێنی شەهید "هێمن هەمزە" و ڕشتنی ڕق و قین بەرامبەر بە ڕێژیمی ئێران، دەستیان دایە خۆپیشاندان و دروشمیان دا و سەرکوت و جینایەتی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.
لەو خۆپیشاندانەدا خەڵکی ناوچەکە بە پیر و لاو و ژن و منداڵەوە هاتنە سەر شەقام و بە دەستی مشتکراو، دژی ڕێژیم دروشمیان دا و خاوەندارێتییان لە خوێنی شەهیدەکانیان کرد.
"هەتا کوردێک بمێنێ، شەرتە تۆڵەت بستێنێ، دایە مەگری بۆ ڕۆڵە، شەرتە بستێنین تۆڵە، ئەگەر نەمرم بمێنم، شەرتە تۆڵەت دەستێنم، شەهید نامرێ و چەندین دروشمی دیکە لەو دروشمانە بوون کە خەڵکی بەشەڕەفی "بێوران" و ناوچەکە لەو خۆپیشاندانەدا بێ ترس و بەوپەڕی شەهامەتەوە دەیانوتەوە.
هەروەها لەو خۆپیشاندانەدا خەڵکی بەهەڵوێستی بێوران و ناوچەکە ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان بەرز کردەوە و نیشانیان دا کە لە دوژمنی خاک و وڵاتیان بێباکن و سەردەمی ترس و بێدەنگی کۆتایی هاتووە.
ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەزەڵوەر لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی هێزەکانی ڕێژیم و خەڵکی بێورانی خوارێ، لاوێکی ئەو گوندە بە ناوی "هێمن هەمزە" شەهید بوو و خەڵکی بێوران و ناوچەکە لە تۆڵەی خوێنی شەهید هێمن و پشتیوانی لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دەستیان دایە خۆپیشاندان و هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی ڕێژیم لەو گوندە و ئاگریان تێبەردا و هەروەها ماشینێکی ڕێژیمیان سووتاند.