کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی مامۆستایانی ئایینیی سەقز لەسەر ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی ئێران و کوردستان

11:27 - 22 خەزەڵوەر 2722

کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ئایینیی سەقز و دەورووبەری ئەو شارە لەسەر بارودۆخی ئێستای ئێران و ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی ئێران و کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیە:

هاووڵاتییانی خۆشەویست، خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان، ئیستا نزیک لە دوو مانگە لە کوشتنی بەئەنقەستی شێرەکچی شارەکەمان بەدەستی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم تێپەڕ دەبێ و ناوی ژینا بووەتە هێمای شۆڕشێکی بەربڵاو لە ئێران و کوردستان بە ناوی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، هەڵاواردن و کوشتنی سیستماتیکی لاوان و گەنجانمان لەلایەن دەسەڵاتەوە هێندە بەربڵاو بووە کە، ئەمڕۆ خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان ئەو شتانە قەبووڵ ناکەن و تێکڕا دەڕژنە سەر شەقامەکان و داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن.

خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان لەو ڕاپەڕینە مەزنەدا تەنیا داوای مافە زەوت کراوەکانیان لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکەن، بەڵام لە بەرانبەردا دەسەڵات بە جێگەی ئەوەی دەنگی خەڵکەکەی ببیسی بە توندترین شێوە و دەڕندانەترین جۆر ڕووبەڕووی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان دەبنەوە و دەیانکوژن.

ئێمە مامۆستایانی ئایینیی شاری سەقز و دەورووبەر، هەر بەو جۆرەی کە پێشتر لە بەرەی حەق و دادپەروەریدا بووین ئیستاش لە بەرەی خەڵکی خۆماندا دەبین و پشتیوانی لە خەڵکەکەمان دەکەین و داوای ئازادیی بێ‌مەرجی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لەو ڕاپەرێنە مەزنەدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

هەروەها مامۆستایانی ئایینیی سەقز لە بەیاننامەکەیاندا پشتیوانیی خۆیانیان بۆ مامۆستایان و وتاربێژانی شارەکانی سنە و بەلووچستان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە داواکاریی ئێمە، داواکاریی ئەو خەڵکەیە و پشتیوانی لە هەموو بەیاننامەکان دەکەین، کە تا ئیستا لە چوارچێوەی ئەو ڕاپەڕینە مەزنەدا دراوە.

پاشان داوا لە بەرپرسانی پایەبەرزی وڵات دەکەین کە بۆ یەکجاریش بووە دەنگی خەڵک ببیسن و بزانن چییان دەوێ و نابێ بە چەک ڕووبەڕووی ئەو خەڵکە ببنەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئێمە داوا لە دەسەڵاتی ئێران دەکەین کە هێندە دەستێوەردان لە کاروباری ئایینی ئێمە نەکەن و بێ‌ڕێزی بە ئایینی سوننە نەکەن.