کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"سترماچۆنی" بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بانگهێشتی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ڕەت کردەوە

17:14 - 22 خەزەڵوەر 2722


"سترماچۆنی" ڕاهێنەری پێشووی تیمی"ئیستقلال" و خەڵکی وڵاتی ئیتالیا لەلایەن دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێرانەوە وەک کارناس لە بەرنامەیەکی وەرزشیدا بۆ جامی جیهانی بانگهێشت کرا بەڵام ناوبراو ئەو بانگهێشتەی بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران ڕەت کردەوە.

"سترماچۆنی" وتوویەتی، "هەتا ئێستا چەندین جار لەلایەن دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێرانەوە بانگهێشت کراوم بەڵام من ماوەی دوو مانگە بەداواداچوون بۆ بارودۆخی خەڵکی ناڕازی دەکەم کە بۆ سەرەکیترین مافەکانیان هاتوونەتە شەقام بەڵام لەلایەن ڕێژیمەوە سەرکوت دەکرێن، دەبینم کە دەنگوڕەنگی ڕێژیم نەتەنیا دەنگی خەڵک نییە بەڵکوو بە بڵاونەکردنەوەی ڕاستییەکان دەنگی خەڵک سەرکوت دەکات".

ڕاهێنەری پێشووی تیمی ئیستقلال هەروەها باسی لەوە کردووە کە لە ئێستادا کاتی ئەوە نییە لەسەر فووتباڵ بۆ خەڵکی ئێران قسە بکرێت بەڵکوو بابەتی گرینگتر هەیە کە ئەگە باسیان لەسەر بکرێت دەبێتە هۆی دڵخۆشیی خەڵک.

"سترماچۆنی" لە درێژەدا وتوویەتی من لەگەڵ ئێوە خەلکی ئازادیخوازم و بەشدارینەکردنم لە بەرنامەکانی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران، تەنیا کارێکە کە بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکەتان دەتوانم ئەنجامی بدەم.

ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەنگدانەوەیەکی جیهانیی لێکەوتووەتەوە و کەسایەتییە ناسراوەکانی جیهانی بە شێوازی جۆراجۆر پشتیوانیی خۆیان لە خەلکی وەزاڵەهاتووی ئێران دەردەبڕن.