کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەریکی خوڵقاندنی مێژوویەکی تایبەت بە خۆمانین

10:36 - 11 خەزەڵوەر 2722

س ج

شۆڕش لە وڵات هەڵگیرساوە و هەنگاو بە هەنگاو و بە شێوەیەکی مێژوویی بەرەوپێش دەچێت. خۆڕاگریمان لە کون‌کون بوونی جەرگی باوکی شەهید کۆمارەوە فێر دەبین کە هەموو ئەم زامەی بۆ نیشتمان و ئازادیی ڕۆڵەکانی کورد داپۆشی.  هەموو دنیا باسی ئەکات کە نابێت گەلێک بە بێ فانتازیا و نۆستالژییەکی مێژوویی، هێندە ئاستی جیهانبینی و بڕوا بەخۆبوونی بەرز بێت؛ هێشتا زووە و لە کاتی گەیشتن بە سەروەری، تاقوەسانی کرماشان و ئاسەوارە مێژووییەکانی ئورفایان پێ پیشان ئەدەین و باسی پێشەوایان بۆ ئەکەین، هەتا بزانن داگیرکەران خەریکی کاولکردنی چ مێژووییەکی پڕشکۆ و پڕسەروەری بوونە و نەیانتوانیوە بیرەوەرییەکانی لە ڕۆحی گشتیی نەتەوەکەماندا بسڕنەوە.

لەم چل و چەند ڕۆژە لە ڕاپەڕین و بەرخوداندا،  دەسکەوتەکان و لە دەست‌چووەکان هێندە زۆرن کە نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵات لە بارێکی ئاڵۆزی سایکۆلۆژیدان و ئێمە لە شۆکداین کە لەم هەلومەرجەدا شتێکی ئاساییە.

ڕێگامان وا پێواوە کە بە ئاواتەکانی سەد ساڵەمان بگەین و هێورکردنەوەی مێشکمان بۆ گرتنی ژیرانەترین هەڵوێست و تێگەشتن لەم قۆناغە پێویستە. تاک بە تاکی کورد لە ئیلام هەتا ماکۆ، دڵسۆز و خەمخۆری کۆمار و  کۆمارەکانن و لە بیری داهاتووی ڕوون بۆ ئەوانن کە بێ‌شک تەنیا لە سەروەریی نەتەوەییمان پارێزراو دەبێت. گەلی سیاسەتمەدار و ڕامیاری کورد تێگەشتنیان هەیە و بڕوایان بە دەستەی ئێلیت و حیزبەکان هەیە و دەبێ گەل و ئێلیت هاوهەڵوێست بن و بۆ داهاتوو خۆ ئامادە بکەن.

ناوەندی هاوکاری و حیزبە سەرەکییەکانی‌تر بێ هەڵە نین، بەڵام گەل لە بیری نەچووبوو کە دەستەی ئێلیت و حیزبەکانیان ژیرایەتیی قاسملوو و دڵسۆزیی کاک فواد و کۆڵنەدەریی ڕێزان جاویدیان بۆ بە میرات ماوەتەوە.

لەم هەلومەرجەدا ئاگابوون لەوەی کە دەبێ چی لەدەست بدەین بۆ ئەوەی هەندێک شتی ‌تر بەدەست بێنین حەیاتییە.

دەسکەوتەکان هێندە زۆربوونە کە بۆ ئێمە بڕوا پێ نەکراوە و ئەمە مەترسیدارە، بارێکی دەروونیی بۆ ڕەخساندووین کە نامانهەوێت هەندێک لەم دەسکەوتە تازەپێگەشتووە ناسەقامگیرانەمان بۆ دەسکەوتی گەورەتر و سەقامگیرتر خەرج بکەین، نابێت لە بیرمان بچێت کە گرینگترین شت گیانی ڕۆڵە ئازیزەکانی کوردستانە!  لە بیرمان نەچووە کە دڵۆپ دڵۆپ و بە زۆر ئەو تۆزە بونیاتە ئابوورییەمان لە ناوەند ئەستاندووە... باڵانس‌کردنی تێچوو و دەسکەوت، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە بەتایبەت لەم دۆخە هەستیارەدا. دەبێ لە بیری باڵانسی نێوان ئاواتە مێژووییەکانمان، هێزمان، تێچووی شۆڕش و ... بین. پلاندانان بۆ داهاتوو و نان خواردنی پاروو بە پاروو، بەهێزمان دەکات بۆ گەیشتن بە ئاواتە مێژووییەکانمان و کەمکردنی تێچووی شۆڕش.

باری ئێمە لە باری هیچ گەلێک و تەنانەت هیچ کاتێک لە مێژووی خۆشمان ناچێت، بۆیە خەریکی خوڵقاندنی مێژوویەکی تایبەت بە خۆمانین.

پرسیار ئەمەیە: ئێلیتی کورد ئاگرهەڵگری ژیرایەتی کوردن کە بە بێ سەروەری و تەنانەت لە دەرەوە ئەو گەلەیان پەروەردە کردووە؟ یان گەلی کورد ئاگرهەڵگری ژیرایەتیی کوردن کە ئەو ئێلیت و حیزبانەیان لێ هەڵکەوتووە؟ یان ئەم دووانە هاوتەریبی یەک، ئاوا گەشە دەکەن؟

ئەمە ئەو پرسیارە گرینگەیە کە بێگومان ڕوانگە و لێکدانەوەی جیاوازی لە سەر ئەکرێ، دڵنیا بن دوای سەرکەوتنی شۆڕش، لە زانستگەی کرماشان بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن.