کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی"عەبدولحەمید" بانگهێشتی نوێنەری "عەلی خامنەیی"ی ڕەت کردەوە

17:18 - 22 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەزەڵوەر "مستەفا مەحامی" نوێنەری "عەلی خامنەیی" لە پارێزگای بەلووچستان سەردانی مەولەوی "عەبدولحەمید"ی کرد تا ناوبراو ڕازی بکات لە کۆبوونەوەیەک لەژێر ناوی "دانیشتنی یەکگرتوویی"(نشست وحدت) پێکهاتوو لە بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی سوننە و شیعەی سەر بە ڕێژیمدا بەشداری بکات؛ بەڵام ئەو بانگهێشتە لەلایەن "عەبدولحەمید"ەوە ڕەت کرایەوە.

ئەو نوێنەری ڕێژیم ئیدعای کردووە کە مەبەستیان لەو دانیشتنە تەنیا ئەوە بووە کە پێکەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ئەم دواییە ڕێگاچارەیەک بدۆزنەوە.

پاش دیداری "مەحامی"، میدیاکانی ڕێژیم لە ساختەکارییەکدا لە کاتی بەخێرهاتنی میوانان لەلایەن "مەولەوی عەبدولحەمید"ەوە گرتەیەکیان لەژێر ناوی  مەولەوی "عەبدولحەمید بۆ باوەشی ڕێژیم گەڕایەوە" بڵاو کردووەتەوە هەتا بەم شێوەیە کەسایەتیی ناوبرا لەنێوان خەڵک و حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا بەدناو بکەن.

 سەردانی نوێنەری ڕێژیم و بڵاوکردنەوەی ئەم گرتەیە لە میدیاکانی ڕێژیمدا تەنیا چەواشەکارییەکە بۆ ئەوەیکە دواتر خۆیان مەولەوی عەبدولحەمید تێرۆر بکەن و تێرۆرەکەش بخەنە پاڵ کەسانێکی دیکە.

پیلانەکانی ڕێژیم لەلایەن خەڵکەوە ئیتر ڕوون و ئاشکرا بوونە و خەڵک ئیتر ناکەونە داوی ئەم پیلانانە.