ژنانی خەباتكاری ئێران و كوردستان!
ئێرانیانی ئازادیخوازی دەرەوەی وڵات!
ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا كە پێی ناوەتە سێهەمین مانگی خۆی، لەپاش كوشتنی بەناحەقی ژینا (مەهسا) ئەمینی بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و سوتاندنی روسەرییەكان وەك هێمای ئایدیۆلۆژیكی سەركوتی ژنان لە ئێران لەلایەن ژنانی كوردەوە بڵێسەی سەند و لەلایەن ژنانی ئازادیخوازی ئێرانەوە بوو بە راپەڕینێكی سەرتاسەری. ئەم ئاخێزە جەماوەرییە ئێستا لەهەموو ئێراندا بووەتە شۆڕشێكی تەواو عەیار و سەرەڕای جیاوازیی نەتەوەیی، رەگەزیی، مەزهەبی و سیاسی هاوپشتییەكی بێوێنەی مێژوویی لە نێوان خەڵكانی ئێراندا دروست كردوە.
یەكگرتوویی خەڵكی ئێران چ لەناوخۆ و چ لەدەرەوەی وڵات لەجۆری خۆیدا بێهاوتایە. ئەم راپەڕینە جەماوەرییە بەشێوەیەكی بەرین پشتیوانی و سەرنجی رای گشتیی جیهانی بۆ لای خۆی راكێشاوە و هەموو ئازادیخوازانی سەراسەری جیهانی دڵخۆش كردوە و سیمای راستەقینەی خەڵكی ئێرانیشی نیشانداوە.
هەموو دەزانین كە ئەم بزوتنەوەیە، راپەڕینێكی ژن تەوەر، سێكۆلار، دیموكرات، شوناسخواز و ئازادیخوازە كە نەوەی لاو هاوشانی ژنان هێزی بزوێنەری بزوتنەوەكەن. شۆڕشێكە كە بنەماكانی حكومەتی مەزهەبی، تۆتالیتێر، دژەژن و ستەمكاری كۆماری ئیسلامی هێناوتە لەرزە و بەسووربوونی لەسەر روخانی ئەم رژیم رۆژ لەدوای رۆژ هێز و توانی زیاتر دەبێت. زیادەڕۆی نیە ئەگەر بڵێین موژدەی رزگاربوون لە دواكەوتویی نەك لە ئێران بەڵكو لە هەموو ناوچەكە لەگەڵ خۆیدا هێناوە.
لەئێستادا كە بەرەوپیری رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەچین، جێگەی خۆیەتی رۆژی شەممە 26ی نۆڤامبر خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئێرانیان لەسەراسەری جیهان بۆ رێزگرتن لەم رۆژە تەرخان بكەین و رێز لە پێشڕەوبوونی ژنان لەم شۆڕشەدا بگرین. پێویستە لەم رۆژەدا وتارەكان، دروشمەكان و كۆی رێوڕەسمەكان بۆ برەودان و ناساندنی رۆڵی ژن لەم شۆڕشە تەرخان بكرێت و هەمووان گوێ بۆ خەباتكارانی رێگەی رزگاری ژنان رادێرین و لە بزوتنەوەی جیهانی ژنان و هەموو وڵاتان داوا بكەین پشتیوانی لەم شۆڕشە بكەن.
ئێمە داوا لە هەموو رێكخراوەكانی ژنانی كورد و ئێرانی و هەموو چالاكوانانی بزوتنەوەی ژنان دەكەین پشتیوانی لەم بانگەوازە بكەن تا پێكەوە و لە رۆژێكدا هەموو ژنان و پیاوانی ئێران رێز لەم رۆژە بگرن. هەروەها داوا لە هەموو كەسایەتییە سیاسییەكانی ئۆپۆزسیۆن و رەوتە سیاسی و مەدەنییەكان و دامەزراوەكانی مافی مرۆڤ دەكەین بەم ئاكسیۆنە جیهانییە پەیوەست بن و هەموو پێكەوە یەكگرتوویی و هاوپشتی ژنان و پیاوانی ئێران لەبەرامبەر ئاپارتایدی رەگەزی و رژیمی دژە ژنی كۆماری ئیسلامی بۆ رای گشتیی جیهان بنوێنین.
بەرز و بەڕێزبێت رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان
سەركەوێ خەباتی ژنان بۆ رزگاری و یەكسانی رەگەزی
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
22ی خەزەڵوەری 1401 – 13ی نۆڤامبری 2022