کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان و سەرهەڵدانی خەڵکی ڕاپەڕیو لە شارەکانی کوردستان درێژەی هەیە

10:45 - 11 خەزەڵوەر 2722

لە دوای تێپەڕینی چل و حەوت ڕۆژ لە سەرهەڵدانی خەڵکی کوردستان و ئێران، ئێستاش خۆپیشاندانەکان لە زۆربەی شارەکان هەروا درێژەیان هەیە.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، لە کوردستان لە شارەکانی سنە، سەقز، مەریوان، دێهلۆڕان، بۆکان، مەهاباد و چەندین شوێنی دیکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵکی وەزاڵەهاتوو بەردەوام بوو.

لە شاری سنە بەتایبەت لە گەڕەکی "نەنەڵە" لاوانی بوێری ئەو شارە لەسەر شەقامەکان کردیانە خۆپیشاندان و وێڕای خەڵکی ڕاپەڕیوی شار درێژەیان بە خۆپیشاندانەکان دا.

لە سەقز، بەتایبەت لە گەڕەکی "کەریم ئاوا"ی ئەو شارە خەڵک دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و لەلایەن خەڵکەوە ئاگر هەڵکرا و دروشم درا.

لە مەریوان، خەڵکی وەزاڵەهاتوو خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و زۆربەی شەقام و کۆڵانەکانی شاریان لە دەستی خۆیان گرتبوو.

لە دێهلۆڕان لە پارێزگای ئیلام، خەڵکی شار دەستیان دایە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و زۆربەی شەقامەکانی شاریان لە دەستی خۆیان گرتبوو و دروشمی دژی ڕێژیمیان دەدایەوە.

لە بۆکان بەتایبەت لە ناوچەی عەشایری، خەڵکی شار لەسەر کۆڵان و ڕێگاکان، ئاگریان کردەوە و بەو جۆرە درێژەیان بە ناڕەزایەتیی خۆیان دژ بە ڕێژیم دا.

لە مەهاباد لە چەندین گەڕەکی ئەو شارە خۆپیشاندانی لاوانی شۆڕشگێڕی شار بەردەوام  بوو و لاوانی شار لە ڕاگەیەندراوێکدا داوایان لە خەڵکی شار کردووە کە بێنە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیم بخرۆشێن.

هەروەها لە شاری پاوە لاوانی شۆڕشگێڕی شار لە پەیامێکدا ورە و ئیرادەیان بە خەڵکی کوردستان و ئێران داوە و ڕایانگەیاندووە کە بە هەوڵ و توانای هەموو لایەک دەکرێت لە چنگی ڕێژیمی دیکتاتۆری ڕزگارمان بێت.

هێزەکانی ڕێژیم لە کوردستان وێڕای بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵکی وەزاڵەهاتوو، بە شەو و بە ڕۆژ خەریکی ڕفاندن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانن و هەتا ئێستا دەیان کەس لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕوانەی گرتنگەکان کراون بەڵام سەرەڕای توندوتیژی و سەرکوتی ڕێژیم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵک تا ئێستاش هەروا درێژەی هەیە.