نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکات کە بە هۆیەوە لانیکەم دوو کەس شەهید بوون و هەشت کەسیش بریندار بوون.
یونامی داوای کردووە خاكی عێراق وەکو گۆڕەپان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بەکار نەهێندرێت.
ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، ناسراو بە یونامی لە تویتێکدا وتوویەتی: "سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییە دووبارەبووەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەین و بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق ناوی دەبات".
یونامی لە بەشێکی تویتەکەیدا داوا دەکات ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی عێراق بگیرێت و وەکو گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان بەکارنەهێندرێت. هاوکات هانی دیالۆگی نێوان لایەنی عێراقی و ئێرانی دەدات بۆ چارەسەرکردنی "نیگەرانییە ئەمنییەکان" و بە تاکە ڕێگەچارەی دەزانێت.
ئەمڕۆ دووشەممە جارێکی دیکە هێرش کرایەوە سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، زڕگوێزیش لە سنووری سلێمانی کرایە ئامانج کە بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەو سنوورەدان.