کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە پیرانشار کۆچی دوایی کرد

19:27 - 23 خەزەڵوەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۲۲ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱ی هەتاوی مامۆستا مەلا ڕەحمان عومەری کوڕی عەبدوڵڵا دانیشتووی ئاوایی زێوەی سەر بە شاری پیرانشار لە تەمەنی ۶۹ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی شاری پیرانشار بە هۆی نەخۆشی سی، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مامۆستا ڕەحمان ساڵی ١٢ی خەرمانانی ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە ئاوایی قزقەپانی پیرانشار لەدایک ببوو. لە تەمەنی منداڵیدا وەبەر خوێندنی ئایینی نرا و لەگەڵ خوێندنی ئایینی وانەکانی نیشتمانپەروەریی هەم لە خزمەت بنەماڵە و هەم لە خزمەت مامۆستایانی ئایینی ناوچەکە وەرگرتووە و هەموو تەمەنی مامۆستایەتیی خۆی لە ئاوایی زێوەی پیرانشار بووە.

مامۆستا ڕەحمان کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و کۆمەڵایەتی بوو و وێڕای ئەرکە ئایینیەکان ئەرکە نیشتمانییەکانیشی بە پیرۆز دەزانین و لە پەروەردەکردنی لاوانی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری ناوچەکەدا ڕۆڵێکی بەر چاوی هەبووە.

برایەکی مامۆستا بە نێوی شەهید عەلی عومەری پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووه کە ساڵی ۱۳۶۰ گیانی بەختی ڕزگاریی نیشتمانەکەی کرد و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

  مامۆستا ڕەحمان هەمیشە ئەو شەرەفە نیشتمانییەی وەکوو میراتێکی پیرۆز پاراست و تەنانەت چەند جار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە سەر وتارە نیشتمانی و مافخوازەکانی بانگهێشت کرا و ئەشکەنجە و بێڕێزێکی زۆری پێ کرا.

تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.