کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری ورمێ مانگرتنێکی بەرین دەستی پێکردووە

13:04 - 24 خەزەڵوەر 2722

بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لە ئاستی شاری ورمێ و دەوروبەر بە هەزاران تراکتی لێ بڵاو بووەتەوە، داوا لە خەڵک کراوە کە لە ڕێکەوتی ٢٤ تا ٣٠ خەزەڵوەر، لە بەرامبەر زوڵم و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران مان بگرن  و ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان بدەن.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە هاوشێوەی چلەی شەهید "ژینا ئەمینی" لە سەقز، خۆپیشاندانی بەرینی شاری کەرەج و هەینی شاری زاهیدان، ئەوجارەش بە هەموو تواناوە، خۆپیشاندان و ڕێپێوانی ڕەوا و شۆڕشگێڕانەی خۆمان درێژە دەدەین و پێویستە کە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا پەیوەستی مانگرتنی سەراسەریی ببن.

هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بە یەکگرتوویی کورد و تورک لە شاری ورمێ کراوە و داوا لە هەردوو نەتەوەی کورد و تورک کراوە کە یەکگرتووانە بە پێشوازیی ئەم بانگەوازەوە بچن.

لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەو بانگەوازە تا ئێستا پێشوازییەکی باشی لێکراوە و زۆربەی دووکان و بازاڕەکانی شاری ورمێ داخراون و خەڵک لە مانگرتنی سەراسەریی دان.