کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئەمنیەتییەکان گوشاریان خستووەتە سەر قوتابییان

10:59 - 11 خەزەڵوەر 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەرەوە تا ئێستا سەدان قوتابی لە شاری سنە دەسبەسەر کراون.

مامۆستایەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە ئامارێکی ڕاست و ڕوون لە ڕێژەی قوتابییانی دەسبەسەرکراو لەبەر دەستدا نییە و قوتابخانەکان بە ٥٠ لەسەدی قوتابییەکان بەڕێوە دەچن؛ ڕێژیمیش هەڕەشە لە بنەماڵەکانیان دەکات کە لە هیچ شوێنێک باسی دەسبەسەرکرانی منداڵەکانیان نەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو مامۆستایە، بارودۆخی قوتابخانەکان لە شاری "سنە" زۆر نالەبارە، قوتابخانەکان هەموو ڕۆژێک دەچنە حاڵەتی پشوو و بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە مەئمورەکان هێرش دەکەنە سەر قوتابییان و بێ بەزەییانە سەرکوتیان دەکەن.

ئەو مامۆستایە بۆخۆی شایەتی ئەوە بووە کە چوار قوتابی بە ناوەکانی "ئارتین کەریمی، ئارتین ئەمینی، مارتین پەردەک و ئەهوورا خالیدیان"، لە قوتابخانەی "باهونەر" لە گەڕەکی "موارەک‌ئاوا"ی سنە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دزراون.

لەلایەکی دیکەوە قوتابییان لە شارەکانی "مەریوان و کامێران"، زۆر لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکاندان و زۆربەیان دەسبەسەر کراون.