کرێکارانی ئازادیخوازی ئێران ڕایانگەیاند: پەیامی ئێمە کرێکارانی ئێرانی ئەوەیە کە سەردەمی داواکارییەکان بەسەر چووە و بەدەستهێنای ماف تەنیا لەسەر شەقامەکان دەستەبەر دەکرێت.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، کرێکارانی ئازادیخوازی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک وتیان: "مافی پێشێلکراوی ئێمەی کرێکارانی ئێرانی تەنیا بە داواکاریی نایەتە ئەنجام، بەڵکوو دەبێ یەکدەنگ بڕژێینە سەر شەقامەکان و ڕایدەگەیەنین کە دامەزراوە دەستکردەکانی حکوومەتی هیچ پێگەیەکیان لە نێو چینی کرێکاراندا نییە و ئیدی ناتوانن بە بەڵێنە دڕۆینەکانییان خەڵک بەلاڕێدا ببەن بۆیە سەردەمی داواکاری و داخوازی لە حکوومەت کۆتایی پێ هاتووە دەبێ بۆخۆمان مافی خۆمان دەستەبەر بکەین، ئەوەیش دەبێ بە یەکیەتیی و یەکدەنگی وێڕای چینو توێژەکانی دیکەی گەلانی ئێران بڕژێینە سەر شەقامەکان و کۆتایی بەو دەسەڵاتە بێنین کە هیچکات مافی کرێکارانی لەبەر چاو نەگرتووە".
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە، بەهۆی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی ئێران قەیرانی دارایی، گرانی و هەژاری پشتی خەڵکی ئێرانی شکاندووە و دەبێ تەواوی گەلانی ئێران لە ڕاپەڕین و شۆڕشی سەرانسەریی دژی ڕێژیمی ئێران بەشداریی بکەن و تەواوی جیهان لەو باوەڕەدان کە دەبێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ بێت، بۆیە دەبێ هەموو گەلانی ئێران بە پشتیوانی نێونەتەوەیی بڕژێنە سەر شەقامەکان و بە مافی ڕەوای خۆیان بگەن.