کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان ئیدانەی هێرشەکانی ئێرانی کرد

15:45 - 24 خەزەڵوەر 2722

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان ئیدانەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد.

وڵات و ڕێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵانی مڕۆڤددۆستی جیهانی

پارت و لایەن و ڕێکخراوە کوردستانییەکان

بەداخەوە دیسانەوە بیسەر و بینەری هەواڵی جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووین، کە ئەمڕۆ لە ڕێگەی مووشەک( هاژەک) و دڕۆنی تایبەتی تەقینەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووین، بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان. کە لە ئاکامدا بە داخەوە ٢ شەهید و ٨ برینداری لێکەوتەوە. 
ئەوەی جێگەی داخ و کەسەرە کە لە ماوەی ئەم دەیانساڵە، بەردەوام ئەم ڕێژیمە جینایەتکارە پەلاماری گەلی کورد و کوردستان دەدات، پێشێلکاریی بۆ سەر خاکی وڵاتانی دراوسێی دەکات. لە ئاست جیهاندا تەنیا گوێبیستی ئیدانەکردن دەبین بە بێ هیچ هەنگاوێکی بە کردەوەیی نێودەوڵەتی.

پەلامارەکانی ڕۆژانی ٢٨ی سەپتەمبەر و ١٤ی نۆڤەمبەری ئەمڕۆ، ڕوون و ئاشکرایە کە ئێران دەیەوێت بەو مەبەستەوە زۆمی کامێراکان و سەرنجی خۆپێشاندەران و ناڕازیانی کوردستان و جیهان، بۆ ئەم جۆرە جینایەتانەی ڕا بکێشێت و فوکوسیان لە سەر خۆپێشاندانەکانی نێوخۆ دوور بخاتەوە. کە بە دڵنیاییەوە  ئەم سینارێویشی وەک ئەوانەی پێشووتر لەگەڵ شکەست ڕووبەڕوو دەبێتەوە، و بگرە کاریگەری بەردەوامی بۆ پەرەسەندنی دەنگە ناڕازییەکان زیاد دەکات. دیسانەوە بۆ کوردستان و هەموو ئێران و جیهان دەسەلمێنێت کە ئەم ڕێژیمە چەندە شەڕەنگێز و تێکدەرە.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، بە تووندی ئیدانەی ئەو پەلامارانە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەکات. سەرەخۆشیان ئاراستە دەکەین  و هاوبەشی خەمیانین بۆ هەواڵی شەهید بوونی ٢ پێشمەرگەی تێکۆشەر و بەرگری کوردستانی. و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین. 

هەروەها وەک پارتی سەربەستیی کوردستان، ئامادەی هەر جۆرە هاوکارییەک و پشتیوانییەکین بۆ خوشک و برایانمان، لە پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە تایبەت لەم دۆخە نالەبارەی کە بۆیان پێشهاتووە. 

بڕووخێ ڕێژیمی داگیرکەر و  جینایەتکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بۆ پێشەوە بۆ بەرەیەک یا هاودەنگییەکی بەپەلە بۆ پارت و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان

١٤ی نوامبری ٢٠٢٢ی زایینی