کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی کۆنسولگەرییەکانی ئاڵمان،کانادا، بریتانیا و فەڕانسە لە هەرێمی کوردستان بە هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران

16:05 - 24 خەزەڵوەر 2722

کۆنسولگەرییەکانی ئاڵمان، بریتانیا و فەڕانسە لە هەرێمی کوردستان پەلامار و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و مووشەک‌بارانی بنکە و بارەکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان مەحکووم کرد.

کۆنسوولگەری بریتانیا لەگەڵ مەحکووم‌کردنی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئێران دەبێ دەستبەجێ ئەم دەستدرێژییانە بۆ سەر دراوسێی خۆی ڕابگرێت. دەیڤید هانت، سەرکۆنسوولی بریتانیا لە هەرێمی کوردستانیش لە تویتێکی جیادا ئەو سنووربەزاندنانەی کۆماری ئیسلامیی مەحکووم کردووە و بەپێچەوانەی ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەکانی ناو بردووە.

هاوکات کونسولخانەی کانادا لە هەولێر ڕایگەیاندووە کە بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران بە مووشەك و درۆن بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عیراق جێگای قبووڵکردن نییە. کۆنسوولی کانادا دەڵێ ئەم جۆرە هێرشانە سەروەریی عێراق پێشێل دەکەن و ژیانی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە و ناتوانن چارەسەری ماف و داوا ڕەواکانی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕانکاری بن.

کونسولخانەی ئاڵمان لە هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاندووە هێرشی دووبارەی ئێران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هەرێمی کوردستان مەحکووم دەکەین و داوا لە ئێران دەکەینەوە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاکی عێراق بگرێت و دەبێ هێرشەکان دەستبەجێ بوەستێندرێن.

هەر لە درێژەی ئەو هەڵوێستانەدا وتەبێژی وەزارەتی ئورووپا و کاروباری دەرەوەی فەڕانسە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم هێرش و دەستدرێژییانە پێشێلکردنی سەروەریی عێڕاق و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی عێڕاق و ناوچە. لەو بەیاننامەیەدا هاتووە وڵاتی فەڕانسە هەموو ئەو پێشێلکارییانە مەحکووم دەکات و ئەم هێرشانە دەبێ بوەستێندرێن.