کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە زۆربەی زانکۆکانی کوردستان، خۆێندکاران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد

11:34 - 11 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، وێڕای بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە زیاتر لە بیست زانکۆ لە ئێراندا، لە کوردستانیش لە چەندین زانکۆ خۆپیشاندان بەڕێوە چوو.

لە زانکۆی "کوردستان" لە شاری سنە، خوێندکارانی زانکۆ لە هەرێمی زانکۆ و لە سالۆنی غەزاخۆریی ئەو زانکۆیە دەستیان دایە خۆپیشاندان و دروشمدان و هەڵپەڕکێ و بەو شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

هەروەها لە زانکۆی " ئازاد"ی شاری کرماشان، خوێندکارانی ئەو زانکۆیە لە هەرێمی زانکۆدا کۆ بوونەوە و دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و دروشم و سروودی شۆڕشگێڕانەیان وتەوە.

هەروەها لە زۆربەی قوتابخانەی شارەکانی مەهاباد، مەریوان، سنە، دیواندەرە، دێولان و چەندین شوێنی دیکە قوتابییان لەسەر پۆلەکانی خوێندن دەستیان کرد بە نووسینی دروشم و لە دەرەوەی قوتابخانە و لەسەر شەقامەکان دەستیان کرد بە ڕێپێوان و دروشمدان و سروودیان وتەوە.