کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی نووسەرانی کوردستان :هێرشی ڕێژیم بۆ سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەحکووم دەکەین

19:26 - 24 خەزەڵوەر 2722

ناوەندی نووسەرانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشی ڕێژیم بۆ سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەتوندی مەحکووم کردووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە ئەمە یەکەم‌ جار نییە کە سوپای پاسداران پڕەنیسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی دەشکێنێ و دەستدرێژی دەکاتە سەر سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و پەلاماری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەدات. ڕێژیمی ئیسلامی لە لێواری نەمان و سەرەونخوون‌بوون‌دایە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک پەلاماری خەڵک دەدات و دەست ناپارێزێت و تەنانەت لە پێناو مانەوەی خۆیدا لەو دیوی سنوورەکانیش زەبر دەوەشێنێت. 

ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی نووسەران هەروەها داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات کە بە پەیامی یەکگرتوویی و پلاتفۆرمێکی نیشتمانیدا، ورەی خەڵکی کوردستان لە شەقام و لە شارەکاندا بەرز بکەنەوە. هەروەها داوا لە خەڵکی کوردستان، نووسەران و ڕووناکبیران دەکات کە بە هەرچی لە دەستیان دێ، چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، لە پێناو ژن، ژیان ئازادیدا، پشت و پەنای شۆڕشی ژینا بن.