کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی چەپی ئێران: کۆماری ئیسلامی بە بۆمبارانی بنکەکانی حیزبەکان ڕزگاری نابێت

19:52 - 24 خەزەڵوەر 2722

هەیئەتی سیاسی-ئیجرایی حیزبی چەپی ئێران (فیداییانی خەلق) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە بۆمباران‌کردنی بنکەکانی حیزبەکانی کوردستان دادی نادەن و بەوە ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات.

حیزبی چەپی ئێران دەڵێ لەسەر ئەوە باوەڕەین کە بەردەوامیی خەباتی گەلانی ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە پشتیوانیی میلیون کەسیی چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵاتدا بۆلای خۆی ڕاکێشاوە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەها وەزاڵە هێناوە کە کات و ساتەکان بە زیانی خۆی دەبینێ و، ئەو کردەوانەشی بۆ دنەدانی خەڵک و خۆشکردنی بوار بۆ توندوتیژیی زیاترە؛ بۆ ئەوەی پەنابردن بۆ چەک و کۆمەڵکوژی پاساو بداتەوە.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە وێڕای دەستخۆشی لە سیاسەتی ژیرانەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان کە بە هەڵوێستەکانیان دنەدان و سیاسەتەکانی ڕێژیمیان مایەپووچ کردووە، خۆمان بە یار و یاوەری حیزبە هاوڕێ و خەڵکی خەباتکاری کوردستان لەدژی کۆماری ئیسلامی دەزانین و دەست لەنێو دەست بۆ تێکەوەپێچانی تەمەنی کۆماری ئیسلامی درێژە بە خەبات و تێکۆشان دەدەین. 

حیزبی چەپی ئێران (فیداییانی گەل) وێڕای مەحکووم‌کردنی کردەوە جینایەتکارانەکانی کۆماری ئیسلامی ئەو ئاکامگیرییەی کردووە کە دڕندەییەکانی ڕێژیم دادی نادەن، بەڵکوو پەتی دار لە ئەستۆی کاربەدەستانی گەندڵ و جینایەتکاری ئەو ڕێژیمە توندتر دەکەن.