ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی مەحکووم کرد.
ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان دەڵێ بە بڕوای ئێمە ڕێژیم کە لە بەرانبەر ڕاپەڕینی بەرین و بەردەوامی خەڵکی ئێران بەگشتیی و، بەتایبەتیی خۆڕاگریی و چاونەترسیی خەڵکی کوردستاندا، هەست بە داماویی و دەستەوەستانیی دەکا، بەم هێرشە ترسەنۆکانەیە دەیەوێ لە لایەک ڕقی دەروونیی ڕەشی خۆی بە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی بڕێژێ و لە لایەکیش سەرنجەکان لەسەر ئەو ڕاپەڕینە پیرۆزە و دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی لە دنیای دەرەوە و ڕاگەیەنە جیهانییەکاندا لابەرێ. لە هەمان کاتدا وەک هەمیشە دەیەوێ بە درێژەدان بە سیاسەتی دەستدرێژیی بۆ سەر سەروەریی وڵاتان و شکاندنی شکۆی گەلان و دەوڵەتانی دەروروبەر خۆی وەک دەسەڵاتدار و بڕیاردەری ناوچەکە نیشان بدا.
ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان هەروەها داوا لە دامەزراوە جیهانییەکان و دەوڵەتانی خاوەنبڕیار و ناوەندە بڕیاربەدەستە نێودەوڵەتییەکان دەکا کە ئەگەر هەتا ئێستا سنوورێکیان بۆ سەرەڕۆیی و یاساشکێنییەکانی ڕژیمی ملهوڕی تاران دانەناوە، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک پێویستترە هەرچی زووتر بە کردەوە هەنگاوی پێویست لەو پێوەندییەدا هەڵبێننەوە و نەهێڵن چی دیکە ئەو ڕژیمە یاریی بە خوێن و ژیانی خەڵکی ئێران و کوردستان و ئارامیی و ئاساییشی ناوچەکە و جیهان بکا.