کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی شارەکانی کوردستان بەگوڕتر لە پێشوو هاتنەوە سەر شەقامەکان

12:37 - 25 خەزەڵوەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، خەڵکی زۆربەی شارەکانی کوردستان بەگوڕتر لە پێشوو هاتنەوە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و ڕق و تووڕەیی خۆیان دژی ڕێژیم نیشان دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی سنە، مەهاباد، بۆکان، پیرانشار، بانە، جوانڕۆ، کامێران، سەقز، قوڕوە، کرماشان، ئیلام، ورمێ، ڕوانسەر و چەندین شاری دیکە مانگرتن و خۆپیشاندانی جەماوەریی بەڕێوە چوو.

لە شاری سنە خەڵک بە هێز و وزەیەکی دیکەوە هاتنەوە سەر شەقامەکان و شەقامەکانی شاریان کردەوە گۆڕەپانی بەربەرەکانیی لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم بەداخەوە لەو نێوانەدا دوو لاوی شۆڕشگێڕی ئەو شارە بە ناوەکانی "عیسا بیگلەری" و "زانیار ئەڵڵامورادی" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم شەهید بوون.

لە مەهاباد خەڵکی بەهەڵوێستی شار لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار هاتنە سەر شەقامەکان و لاوانی شۆڕشگێڕی شار لە شەقامەکان سەنگەریان دروست کردبوو و بێباکانە دژی ڕێژیمی خامنەیی دروشمیان دەدا و لە مزگەوتەکانەوە سروودی شۆڕشگێڕانەیان بڵاو کردەوە.

لە بۆکان خەڵکی شۆڕشگێڕی شار هەر لە ئێوارەوە تا درەنگانی شەو شەقامەکانیان چۆڵ نەکرد و شەقامەکانیان کردە سەنگەری بەربەرەکانیی دژی هێزەکانی ڕێژیم و دروشمی سەر زاری لاوەکان، گوێچکەی داگیرکەرانی لەو شارە کەڕ دەکرد. لە درێژەدا لە نێوان خەڵکی شۆڕشگێر و هێزەکانی ڕێژیمدا شەڕ و تێکهەڵچوون ڕووی دا کە چەندین کەس لە هاووڵاتییان بریندار بوون و چەندین بەکرێگیراوی ڕێژیم بە دەستی خەڵکی وەزاڵەهاتوو بە سزای تاوانەکانیان گەیشتن کە شوناسی یەک لەوان  سەرهەنگی تێرۆریست "ڕەزا ئەڵماسی"یە. هەروەها لاوانی شۆڕشگێڕ لە شاری بۆکان دووکانی دوو جاشیان لەو شارە ئاگر تێبەردا.

لە کامێران، خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو هاتنە سەر شەقامەکان و خەڵکی ڕاپەڕیوی شار زۆربەی شەقامەکانی شاریان گرتبوو و دەنگی دروشمەکان تەواوی شاری داگرتبوو و لە شەڕ و تێکهەڵچوونی خەڵکی قارەمان و شۆڕشگێڕی ئەو شارە لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم چەندین کەس لە هاووڵاتییان بریندار و بە داخەوە لاوێکی شۆڕشگێڕی ئەو شارە بە ناوی "فوئاد محەممەدی" بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم شەهید بوو و لە ئەنجامی تۆڵەی خەڵکی شۆڕشگێڕی شاردا، چەندین مۆرەی ڕێژیم بە سزای تاوانەکانیان گەیشتن کە یەک لەوان "ڕەزا ئازەربار"ە.

هەر بەو شێوەیە لە شارەکانی بانە، پیرانشار، جوانڕۆ، ڕوانسەر، ورمێ، سەقز، قوڕوە، کرماشان، ئیلام و چەندین شاری دیکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژی ڕیژیم بەردەوام بوو و خەڵک مکورتر لە جاران لەسەر شەقامەکان بوون و خوازیاری ڕووخانی ڕێژیم بوون و لە ئێستاشدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان هەروا بەردەوامن.