شەوی سێشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەر تەرمی دوو پێشمەرگەی کوردستان کە لە هێرشی مووشەکیی ئەمدواییانەی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبدا شەهید ببوون، لە گۆڕستانی شەهیدان لە تەنیشت هاوسەنگەرانیان بەخاک ئەسپێردران.
لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی شەهیدان "ڕێبوار عەبدی" و "ئاسۆ تەوانا" بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتیی حیزب، کادر، بەرپرسانی نیزامی و پێشمەرگەکان بەشدار بوون.
لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی ئەو شەهیدە پیرۆزانەدا بەڕێز مستەفا مەولوودی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات وتارێکی پێشکەش کرد و دواتر لەسەر گڵکۆی ئەو دوو شەهیدە پەیمان لەگەڵ ڕێبازی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان نوێ کرایەوە.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنەوەی هەموو پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان جارێکی دیکەش بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە مووشەک بەئامانج گرتەوە. لەو پەلامارە مووشەکییەدا شەهیدان ڕێبوار عەبدی" و "ئاسۆ تەوانا چوونە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە و چەند پیشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بوون.