کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان و ئێران لە مانگرتن و خۆپیشاندان بەردەوامن

19:08 - 25 خەزەڵوەر 2722

بەدوای بانگەوازی سەرتاسەریی، بۆ ڕۆژەکانی ٢٤، ٢٥ و ٢٦ خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، هەموو توێژەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان بە پیر ئەم بانگەوازەوە هاتن و بە گشتی مانیان گرت و خۆپیشاندانیان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە برد.

هەر بۆ ئەو مەبەستە خوێندکاران لە کوردستان و ئێران هاوکات لەگەڵ توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە لە زانکۆکاندا مانیان گرت و دژی ڕێژیمی خوێنڕیژی ئێران ڕاپەڕین و دروشمیان گوتەوە.
خوێندکارانی بوێری سنە لە زانکۆی زانستی پزیشکیی کوردستان سەرەڕای گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ دووهەمین ڕۆژ مانیان گرت و یاد و ناوی "ئیرشاد ڕەحمانی"یان کە لە خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ شەهید کرا، بەرز ڕاگرت. 

خوێندکاران لەو زانکۆیە بە دروشمی " زن آزاده منم هیز تویی هرزه تویی، بی طرفی بی شرفی و قسم به خون یاران ایستاده ایم تا پایان" خوپیشاندانیان دژی ڕێژیم بەڕێوە برد.

هەروەها لە زانکۆکانی "ئازادی و سەراسەریی تەورێز، دەرمانسازیی مەشهەد، تەربییەت مودەڕسی تاران، دانشکەدەی پزیشکیی شیراز، زانست پزیشکیی قەزوین، زانکۆی بەرق و کامپیووتێری خاجە نەسیر، ئازادی ئابادان" و چەندین زانکۆی دیکەی ئێران بە شێوەیەکی بەشکۆ لە ٦٠مین ڕۆژی ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا لە مانگرتن و خۆپیشاندان بەردەوام بوون.

هەر لەو پێوەندییەدا قوتابییانی بەلووچ لە زاهیدان ئەمڕۆش وەک ڕۆژانی ڕابردوو ڕاژنە سەر شەقام و دروشی "مرگ بر دیکتاتۆریان" وتەوە.