کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بۆکان خەڵک دیسان خرۆشایەوە

19:34 - 25 خەزەڵوەر 2722

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر لە درێژەی مانگرتن و خۆپێشاندانەکانی کوردستان و ئێراندا خەڵکی بۆکان بە شێوەیەکی زۆر یەکگرتوو ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات هەر ئێستا لە بۆکان شەقامی ئەبووزەر زۆر شلۆقە، خەڵک بەرەو فەرمانداری دەڕۆن. لە بۆکان جاشەکان تەقە لە خەڵک دەکەن و خەڵک ڕایانگەیاندووە جاشەکان بەرزایی بیناکانیان لێ گرتووین و بە هەموو چەکێک تەقەمان لە خۆپیشاندەران دەکەن.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان لە بۆکان خەڵک لە شەقامەکان دروشمی "قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەى هەیە"ی دەڵێنەوە و لاوانی شۆڕشگێڕ ڕایانگەیاندووە ناهێڵین خوێنی ڕەفیق و هاوڕێکانمان کە لە شەقامەکان بە دەستی هێزە تێرۆریستەکان شەهید بوون بەفیڕۆ بچێت و لە خۆپیشاندانەکانمان بەردەوام دەبین.
خۆپیشاندانەکان لە بۆکان هەتا ئاستێکی زۆر بەرینە و خەڵک بە شێوەیەکی زۆر یەکگرتووانە دژی ڕێژیمی ئێران ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان لە حاڵێک‌دایە کە دۆینێ شەو لە ڕەوتی سەرکوتی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، دوو سەرکوتکاری ڕێژیم لە شارەکانی بۆکان و کامێران لەلایەن خەڵکی شۆڕشگێڕی ئەو شارانەوە بە سزای تاواناکانیان گەیەندران.
سەرهەنگی تێرۆریست "ڕەزا ئەڵماسی" لە شاری بۆکان و "ڕەزا ئازەربار" لە شاری کامێران، لەو مۆرانەی ڕێژیم بوون کە دەستی سەرەکییان لە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی بێتاوانی ئەو شارانەدا هەبووە.