کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: ڕێژیمی ئێران لە حەفتەکانی داهاتوودا دەڕووخێت

12:12 - 11 خەزەڵوەر 2722

ڕاوێژکاری ئورووپا ڕایگەیاندووە: "بەرپرسانی وڵاتی ئاڵمان بەو هەڵسەنگاندنە گەیشتوون کە ڕێژیمی ئێران لە حەفتەکانی داهاتوودا دەڕوخێت".

هەروەها یەکییەتیی ئورووپا بەنیازە بە یارمەتیی گوشارەکانی "ئاڵمان" سپای پاسداران بخاتە پێڕستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە و لەلایەکی دیکەوە گەمارۆی نوێ بەسەر ڕێژیمی ئێراندا بسەپێنن.

هەروەها ئامریکا وتوویەتی کە چیدیکە خۆمان بە زیندووکردنەوەی بەرجامەوە خەریک ناکەین و بەرجام بۆ ئێمە بابەتێکە کە بۆ هەمیشە داخراوە؛ سەرکوتی خەڵک لەلایەن ڕێژیمی ئێران و یارمەتی و گەیاندنی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە لە شەڕ دژی "ئۆکراین" هەموو داتاکانی گۆڕیوە.

کارناسان لەسەر ئەو بڕوایەن کە بەرپرسانی ڕێژیم چیدیکە ناتوانن لە بەرامبەر خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێراندا ڕاوەستن، هەروەها دابەزینی بورس و بردنی سەرمایەیەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ دەرەوە و بێ متمانەیی ڕێژیم سەبارەت بە داهاتووی خۆی لە ئێران و خۆپیشاندانی دەیان هەزار کەسیی نەتەوەکانی ئێران لە بێرلین بە دژی ئەو ڕێژیمە بووەتە هۆی ئەوەی "ئاڵمان" ئەو هەڵسەنگاندنە ڕاشکاوانەی هەبێت.