کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی مەهاباد: لە پشت ئەو مەلایانە نوێژ ناکەین کە سەر بە ڕێژیمن

12:41 - 26 خەزەڵوەر 2722

لە پەیامێکدا کە بە ناوی بەشێک لە خەڵكی مەهاباد بڵاو بۆتەوە، هاتووە زیاتر لە دوو مانگە خەڵکی کوردستان هاتوونە سەر شەقام و گیانی خۆیان بۆ خەبات و ئازادی لەسەر بەری دەستیان داناوە و زۆر بوێرانە و لێزانانە قۆناغەکانی خەبات شەقام بە شەقام تێپەڕ دەکەن، لەو ڕێگایەشدا تاکوو ئێستا دەیان شەهیدیان پێشکەش بە نیشتمان کردووە و هەزاران لاوی کورد لە ژێر چەکمەی زاڵمان لە زیندانەکان شکەنجە دەدرێن . لەگەڵ ئەوەدا ئەوەی کە تا ئێستا زۆرینەی خەڵکی کوردستانی هەژاندووە نە چەک و تەقەمەنی ڕێژیم، بە پێچەوانە هەڵسوکەوتی جاشەکان و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم بووە.

لە پەیامەکەدا هاتووە کە لەو ماوەیەدا خەڵکی بەشەرفی کوردستان چەندین جار داوایان لە کەسانی سەر بە ڕێژیم کردووە بگەرێنەوە باوەشی گەل و داوای لێبوردن بکەن و خۆیان لەبەرەی ڕێژیم جیا کەنەوە کە بە خۆشحاڵیەوە زۆریان گەڕاونەتەوە، بەڵام هێشتا تاقمێک خائین لەپێناو پارە و پۆست و مەقامدا، نەگەراونەتەوە کە هیچ، بەپێچەوانە زیاتر بۆ ڕێژیم کار دەکەن و داوای کوشتنی خەڵکی ئازادیخوازیش دەکەن.

پەیامەکە لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە لەو کات و ساتە هەستیارەدا مزگەوت و مامۆستا وەکوو قەڵای پشتیوانی ڕاپەڕین، زۆر بەباشی پشتیوانییان لە خەڵک کردووە و بە ڕوون و ئاشکرایی دژی کردوەوەکانی ڕێژیم وەستاون و بە واژۆکردنی بەیاننامە دژی ڕێژیم، هەستی نەتەوەیایەتی کوردیان بەگژ ڕێژیم داکردووە. لەم ڕووەوە داوا لە خەڵکی مەهاباد دەکەین لە پشت سەری ئەو پێشنوێژانەی شاری مەهاباد کە سەر بە ڕێژیمن و دژی خاک و نیشتمانی ئێمەن و کەسانێکی باوەڕ پێکراوی خامنەیین، نوێژ نەکەن.

خەڵکی مەهاباد ڕایانگەیاندووە بەپێی یاسای ئیسلامی پیرۆز هەر حکوومەتێکی زاڵم وەکوو تاغووت دەناسرێ و ئەرکی سەرشانی خەڵکە بۆ ڕووخاندنی ئەو زوڵم و زۆرییەی حکوومەتی تاغووت، شۆڕش بکات و هەر کەسێکی سەر بە ڕێژیم بێت و پشتیوانی لەو حکوومەتە بکات وەکوو کەسێکی خائین دەناسرێت و دەبێت بێبەری بکرێت.

خەڵكی مەهاباد داوایان لە خەڵکی نیشتمانپەروەری ئەو شارە کردووە نوێژی هەینی لەو  مزگەوتانەی مەلاکانیان سەر بە ڕێژیمن بایکۆت بکەن و تەنیا هاتوچۆی ئەو مزگەوتانە بکەن کە ماموستاکەیان لە بەرەی خەڵک‌دان.