کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی شۆڕشگێڕی مەهاباد و سەقز لەسەر شەقام ماونەتەوە

13:09 - 26 خەزەڵوەر 2722

لاوانی شۆڕشگێری مەهاباد لە ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر هەتا ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر لەسەر شەقامەکانن و دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە خۆپێشاندان بەردەوامن.

لاوانی شۆڕشگێڕی ئەو شارە لە سەر لە ئێوارەی ڕۆژی ڕابردووەوە هەتا ئێستا لە چواڕێیانی "مەولەوی" گەڕەکەکانی دیکە گردبوونەتەوە دژی ڕێژیم دروشم دەڵینەوە.

هەروەها ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، لە چوارڕێیانی شەقامی "مەنبەع بۆ لای مزگەوتی نەبی، بەری شیلانان، فەجری سەرێ، پشتەپ و شارەکی کارمەندان" خۆپیشاندان هەیە و خۆپیشاندەران لە شەقام سەنگری ئاگریان دروست کردووە و ڕێگاکانیان بەستووە. شەوی ڕابردووش لە مزگەوتی "نەبی" دروشم و سروودی شۆڕشگێڕی بڵاو کرایەوە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەهۆی داماوی و بێ تواناییان لەهەمبەر یەکگرتوویی  خۆپیشاندەران و بەربڵاوی خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە شاری مەهاباد  وەزاڵە هاتون و بەردەوام هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەران بەڵام خەڵکی یەکگرتوو واز لە شەقام ناهێنن.

هەر لەو پێوەندییەدا شەوی ڕابردوو هێزە خوێنڕێژەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز لە بەردەم نەخۆشخانەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی (تامین اجتماعی) لە کاتی پێشوازیی خەڵک لە تەرمی شەهید "دانیاڵ پابەندی" تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خەڵک کرد و بە دەیان کەسیان بریندار کرد کە هەتا ئێستا بارودۆخی بریندربووان ڕوون نییە.

لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا بەکرێگیراوێکی ڕێژیم بە سختی بریندار کرا.

خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە شاری سەقز ئەمڕۆش وەک ڕۆژانی ڕابردوو درێژەی هەیە.