لە چەند شاری کوردستان چالاکیی بەرینی تەبلیغی کرا.
ڕۆژی چوارشەممە٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ خوپیشاندانە سەرانسەرییەکانی گەلانی ئێران، لاوانی شۆڕشگێڕی شارەکانی "سنە، سەردەشت و مەهاباد" بە شێوەی نووسینی دروشم چالاکی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەشێکی ئەو چالاکییە کە گوندی "حاجی خۆش"ی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بەڕێوە چووە دروشمی "ژن ژیان ئازادی، قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە، مەرگ بۆ خامنەیی و شەهید نامرێ"یان لەسەر دیواری ماڵەکان نووسیوە.
هەروەها لاوانی شوڕشگێڕ لە گەڕەگی "شیوە برایمە"ی سەردەشت، کۆمەڵێک دروشمیان لەو چالاکییەدا نووسین کە بریتین لە: "ڕۆڵەی ئاگر و خوێنین تۆڵەی شەهید دەستێنین، ئازادی سەربەستی ئیتر بەسە ژێر دەستی، مەرگ و نەمان بۆ خائینان".
لە گوندی "سەرڕێزە"ی سەر بە سنەش لاوە شۆڕشگێڕەکان دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی، ژن ژیان ئازادی، مەرگ بۆ سپای پاسداران و مەرگ بۆ جاشـ"ـیان لەسەر دیواری ماڵەکانی ئەو گوندە نووسیوە.