کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەقامی شارەکانی کوردستان گەرمتر لە جاران بوونەوە گۆڕەپانی سەرهەڵدانی جەماوەری

15:29 - 26 خەزەڵوەر 2722

شەوی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان سەرهەڵدان و خۆپیشاندانی جەماوەریی درێژەی هەبوو و خەڵک سەرشەقامیان کردە گۆڕەپانی بەربەرەکانیی دژی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران.

گەرمتر لە پێشوو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە شارەکانی سنە، مەهاباد، بۆکان، ورمێ، کامێران، جوانڕۆ، ڕوانسەر، سەقز، ئیلام، ئاودانان، کرماشان و چەندین شاری دیکە خۆپیشاندان و سەرهەڵدانی خەڵک دژی ڕێژیمی ئێران بەردەوام بوو.

لە شاری سنە، خەڵک لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار دەستیاندایە خۆپیشاندان و دژی ڕێژیم دروشمیان دا و کۆڵان وشەقامی شار لە دەستی لاوانی شۆڕشگێڕدا بوو و مەودا بە هێزی ڕێژیم نەدرا بەرەوڕووی خەڵک ببنەوە. لە ناوچەی "بۆڵواناوا" لە ناوچەی لەیلاخی سنە، خەڵک ڕێگایان لە هێزەکانی ڕێژیم گرتبوو کە دەیانەویست بچن بۆ شاری کامێران بە مەبەستی سەرکوتی خەڵکی وەزاڵەهاتوو و لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم دەرگیر ببوون و لە مزگەوتییش سروودی "ئەی ڕەقیب" و سروودی شۆڕشگێڕانەی دیکەیان بڵاو کردبووەوە.

لە مەهاباد وەکوو شەوانی پێشتر و گەرمتر لە جاران لاوەکان لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و سەرشەقامیان کردبووە گۆڕەپانی شەڕ و بەرخۆدان دژی داگیرکەران و لاوەکان پڕ بەدەنگ دژی ڕێژیم دروشمیان دەدا. 

هێزەکانی ڕێژیم لە چەندین شوێنی ئەو شارە بەتایبەت لە فەرمانداری و هەروەها لە نزیک کەلانتەری ١٣ی گەڕەکی باغی شایەگان قەناس بەدەستیان جێگیر کردبوو و تەقەیان لە خەڵک دەکرد. لەو خۆپیشاندانانەدا شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم ڕوویدا کە سەرەڕای تەقەی هێزەکانی ڕێژیم، لاوانی شۆڕشگێڕی شار نەدەکشانەوە و لە هەڵمەتی لاوانی شۆڕشگێڕ بۆ سەر هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم چەندین کەس لە هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوون کە ڕێژیم بە ماشینی زبڵکۆکردنەوە، بریندارەکانیان دەگواستەوە.

لە شاری بۆکان هەر لە ئێوارەوە خەڵکی شۆڕشگێڕی شار هاتنە سەر شەقامەکان و سەرهەڵدانێکی جەماوەریی لە سەرانسەری شار بەڕێوە چوو و لاوانی شۆڕشگێڕی شار تەنگیان بە ڕێژیم هەڵچنیبوو. ئیرادەی خەڵکی شار بە شێوەیەک بوو کە سڵیان لە فیشەک و تەقەی دوژمن نەدەکردەوە و دروشمەکانی خەڵک گوێچکەی داگیرکەرانی کەڕ کردبوو. بەداخەوە لەو حەماسەیەدا سێ لاوی ئەو شارە بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم شەهید بوون.

لە کامێران، خەڵک لە تۆڵەی خوێنی ڕۆڵەکانیان بە بەردەوامیی هەر لەسەر شەقام بوون و شەقامەکانی شار جمەیان دەهات لە خەڵکی ڕاپەڕیو و گەڕەک و کۆڵانەکانی شار لە دەستی خەڵکی ڕاپەڕیودا بوو و ئیرادەی سەرهەڵدان و بەرخۆدان لەوپەڕی خۆیدایە.

هاوشێوەی ئەوە خەڵک لە شارەکانی سەقز، ئیلام، ئاودانان، کرماشان، ورمێ، جوانڕۆ، ڕوانسەر و چەندین شاری دیکە خۆپیشاندان و سەرهەڵدانی خەڵک بە شێوەی بەرین بەردەوام بوو و شەقام و کۆڵانەکانی شارەکان ببووە گۆڕەپانی بەربەرەکانیی خەڵک دژی ڕێژیم.