کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەنگدانەوەی هێرشی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی کوردستان لە میدیاکانی ئاڵمان‌دا

15:32 - 26 خەزەڵوەر 2722

ڕەنگدانەوەی هێرشی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی کوردستان لە میدیاکانی "ئاڵمان"دا درێژەی هەیە.

بڵاوکراوەی "فرانکفۆرتەر ڕوندشاو" وێڕای ئاماژەدان بە بەشداریی بەربڵاوی خەڵکی ئێران لە شەقامەکاندا بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی ڕێژێمی دیکتاتۆری ئێران، وردەکاریی هێڕشی سەر بارەگاکانی "حیزبی دێموکرات" لە کۆیە و "کۆمەڵە" لە دەوروبەری سلێمانی دەخاتە ڕوو و لە درێژەدا دەنووسێت: "سەرەتای مانگی نوامبر پەت ڕایدەر، یەکێک لە وتەبێژانی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، پێشتر سەبارەت بە هێرشی تاران بۆ سەر باکووری عێراق هۆشداریی دابوو." 

هەواڵنێری T.online وێڕای باسکردن لەو کردەوە تێرۆریستییە و ئاماژەدادن بە خەسارەکانی گیانی و ماڵی، قسە لە ترسی تاران لە بابەت ڕۆڵی حیزبەکانی کوردستان لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا دەکات.

ئەم بڵاوکراوەیە بە ڕەنگدانەوەی شەرمەزارکردنی ئەم تاوانە لەلایەن ڕێکخراوی "یونامی" بە ئاماژەدان بە وتەکانی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەنووسێت: "نابێت خاکی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی گرفتی نێو لایەنەکان بەکار بهێنرێت".

"هێندلێس بلات" یەکێکە لەو بڵاوکراوانەی کە مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتەدا کردووە. ئەم بڵاوکراوەیە وێڕای ئاماژە بۆ هێرشی تیرۆریستیی بەردەوامی ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لە نێوەڕاستی مانگی سێپتامبر باس لە ناڕەزایەتییە بەربڵاو و سەرتاسەرییەکان لە ئێران دەکات.