لە چلەی ماتەمینی شەهیدانی شۆڕشی سەرانسەریی بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، خەڵکی ڕاپەڕیوی سنە لە گۆڕستانی "بەهەشتی محەممەدی" ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەیی بوونەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لاوانی قارەمانی شاری سنە، لە گۆڕستانی "بەهەشتی محەممەدی"ی شاری سنە بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دورشمیان دا و هێزە سەرکوتکەرەکانیش بۆ سەرکوتی خەڵک ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد، بەڵام کچان و کوڕانی ڕاپەڕیوی سنە ڕووبەڕوویان بوونەوە و شکستیان پێ هێنان.
٤٠ ڕۆژ لەمەوبەر لە درێژەی شۆڕشی سەرانسەری گەلانی ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامی وێڕای خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان چەندین خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەیی شەهید کران و ئەمڕۆ لە چلەی ماتەمینی شەهیدان، "داریوش عەلیزادە، پەیمان مینبەری، محەممەد ئەمینی و یەحیا ڕەحیمی" لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی بە درووشمی دژی ڕێژیم ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەیی بوونەوە.