لە خۆپیشاندانی دوێنێ شەوی شارەکانی کوردستان چەندین لاوی قارەمان شەهید بوون.
ڕۆژی پێنجشەممە ۲۶ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱ی هەتاوی، ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی خەڵکی خرۆشاو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بەردەوام بوو و ئەو سەرهەڵدان و ڕاپەڕینە بە نرخی گیانی چەندین لاوی ئەو شارانە درێژەی هەبوو.
لە شاری بۆکان لە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی جەماوەری و شۆڕشگێڕانەی ئەو شارە چوار لاوی ئەو شارە بە ناوەکانی "غەفوور مەولوودی"، "هەژار مام خوسرەوی"، " هیوا جان جان" و " ئەمجەد عینایەتی" شەهید بوون. هەروەها لە شاری سنەش لە سەرهەڵدانی خەڵک دژی ڕێژیم، دوو لاوی ئەو شارە بە ناوەکانی "شاهۆ بەهمەنی" و "ئارام بەهمەنی" و له سەقز لاوێک بە ناوی "عەبدولڕەحمان بەختیاری" چوونە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.
هەر لە سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی خەڵکی بەهەڵوێست و قارەمانپەروەری مەهابادیش لاوێکی ئەو شارە بە ناوی "ئازاد حوسێنپوور" شەهید بوو.