ئەمڕۆ هەینی ۲۷ی خەزەڵوەر پاش ناشتنی تەرمی شەهید "ئازاد حوسێن پوور" حەشیمەتی هەزاران کەسیی خەڵکی مەهاباد ڕوویان کردەوە نێو شار و بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە محەممەد ئەحمەدیی گاگەشی، لاوێکی دیکەی ئەو شارە شەهید کرا.
خەڵکی شۆڕشگێری شار پاش ناشتنی تەرمی شەهید "ئازاد حوسێن پوور" لە گۆڕستانەوە بە دروشمی "قاسملوو، قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە"، " شەهید نامرێ"، "مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی" و چەندین دروشمی دیکە بەرەو نێوشار چوونەوە. حەشیمەتی ڕاپەڕیو سەرەتا دەیانەویست بەرەو لای دەنگوڕەنگی ڕێژیم بڕۆن کە لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوونەوە و شەڕ و تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە. لە ئێستاشدا لە فەلەکەی ساعەت و شەقامی مەنبەعی مەهاباد شەڕ و تێهەڵچوون هەیە و خەڵک لە شەقامەکان دژی هێزەکانی ڕێژیم سەنگەریان دروست کردووە. هەر لە ئاکامی تێکهەڵچوونی خەڵک و هێزەکانی ڕێژیمدا بوو کە بەداخەوە محەممەد ئەحمەدی گاگەشی لە شەقامی مەنبەعی مەهاباد لەسەر سەربانی ماڵێک لەلایەن هێزە دژی مرۆییە ڕێژیمەوە تەقەی لێ کرا و شەهید بوو.
لە ئێستادا شەڕ و دەرگیری لەنێو شەقامەکانی مەهاباد بە توندی درێژەی هەیە و خەڵک لە وەدەرنانی ڕێژیم سوور و پێداگرن.