هەڤپەیڤین: کاروان مێراوی
ئاگری شۆڕشی ژینا کە لە کوردستان هەڵگیرسێندرا بەخێرایی پەرەی گرت و ناوچەکانی تری ئێرانی گرتەوە، بەرەو سێ مانگە دەڕوات و ڕێژیمی تۆتالیتێری ئاخوندیی ئێران و بەتایبەت سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ئەو ڕیژیمە کە باسکی سەرەکیی ڕێژیم ئەژمار دەکرێت وەزاڵە هێناوە. یەکێک لەو توێژانەی کە لەم ڕاپەڕینەی سەرانسەری ئێران و بەتایبەت لە کوردستاندا هەم کاریگەر بوون و هەم ڕۆڵی سەرەکییان لە پەرەگرتنی ڕاپەڕینەکەدا هەبووە، خوێنداکاران و زانکۆکان بوون و دەتوانین بێژین ئەمەش دیسان لە کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە. لەسەر ئەم پرسە هەڤپەیڤینێکمان لەگەڵ بەڕێز بیرا سنە (ناوی خوازراو) پێک هێناوە.
کاک "بیرا" سپاس بۆ ئەوەی کە کاتتان بۆ ئەم هەڤپەیڤینە تەرخان کرد. یەکەم پرسیارمان ئەوەیە؛ بەڕیزتان وەک خوێندکارێک کە لەنێو جەرگەی خەباتی شارن، لێکدانەوە و خوێندنەوەتان بۆ ئەم ڕاپەڕین و سەرهەڵدانەی کوردستان و ئێران چییە؟
هەر وەک دەزانین ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە وەکوو داگیرکەرێک سەیری دەوڵەتی ئێرانیی کردووە و بەپێی بارودۆخی خۆی و جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە بە شێوازی جۆراوجۆر دژی ئەم داگیرکارییە وەستاوەتەوە و خەباتی کردووە. بەڵام ڕاپەڕینی ئەم جارەمان جیاوازە و جیاوازیی ئەم ڕاپەرینەش لەگەڵ ئەو خۆپیشاندان و سەرهەڵدانگەلەی کە بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی داگیرکەر ڕووی دابوو، مافی ژن و تیشکخستنە سەر هەڵاواردنی ڕەگەزی بوو و ئەمە شتێک بوو کە توانی نەتەوە جیاوازەکانی ئەم جوگرافیایە یەکگرتوو بکات بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتی ئیسلامیی داگیرکەری ئێرانی. لە لایەکی ترەوە لە ئاستی جیهانییشدا پرسی ژن زیاتر لە کێشەکانی تر سەرنجی پێ دەدرێت کە بوو بەهۆی ئەوەی کە پاڵپشتیی جیهانیی بەدواوە بێت و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بخاتە ژێر گوشارێکی هەمەلایەنەوە. خاڵێکی گرینگی دیکە ئەوەیە کە ئەم بابەتە یەکێک لە هێڵە سوورەکانی ڕێژیمی ئیسلامییە و لە ستەمکارییەکانی خۆی بە دژی ژنان یەک هەنگاو پاشەکشە ناکات، کەواتە وەک دەسەڵاتێکی توتالیتەر، ڕێگەی سەرکوتی توندوتیژانەی خۆپیشاندەران و خەڵکی ڕاپەڕیوی گرتووەتە بەر.
چ جیاوازییەک لەنێوان خرۆشانی شەقامی شارەکانی کوردستان و شارەکانی ئێراندا هەیە و ئەو جیاوازییانە لە چ ئاستێکدایە؟
لە ماوەی ئەم ڕاپەڕینەدا چەندین جیاوازیمان لەنێوان شارەکانی کوردستان و شارەکانی تری جوگرافیای ئیراندا بینیوە و دەتوانم ئاماژە بە شارەکانی شنۆ، مەهاباد و سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم کە نموونەیان لە هیچ شارێکی فارسنشین یان شارێکی دیکەی پێکهاتەکانی ئەم جوگرافیایە نەبووە. هەر وەک دەزانن شەقامەکانی ئەم چەند شارە بەتەواوەتی کەوتە دەستی خەڵکی ڕاپەڕیو کە ئەمەش ڕێکخستن و یەکگرتووویی و ورەی بەرز و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانی دەرخست. هەروەها شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە ڕۆژی یەکەمی ڕاپەڕینەوە بەردەوام لە مانگرتنەکاندا بەشدار بوون کە ئەمە دیسان لە هیچ شارێکی دراوسێ و ناوچەکانی تری جوگرافیای ئێراندا ڕووی نەدا. یەکێکی تر لە جیاوازییەکان دروشمەکانی خەڵکی کوردستان بوو کە بەپێی گشتگیربوون و ناوەڕۆکیانەوە سەرتۆپی ئەم ڕاپەڕینە بوون. دروشمەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چین و توێژە جیاوازەکانی لەخۆ گرتووە و خوازیاری سەربەستیی ژن و سەربەخۆیی نەتەوەکەمان و ڕاونانی داگیرکەرە لە کوردستان و بەدەستهێنانەوەی سەروەریی سیاسی و نیشتمانیی خۆمان بوو، بەڵام لە شارەکانی پێکهاتەکانی دراوسێماندا دروشمگەلێک وتراوەتەوە کە زۆربەیان مەبەستدار بوون و لە قازانجی هاوکاری و یەکگرتوویی گەلانی چوارچێوەی جوگرافیای ئێران نەبووە و هەندێک جاریش دروشمەکانیان تەنانەت سێکسیستی و دژ بە ژن بووە.
لەم قۆناغە هەستیارەدا خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان چ ئەرکێکیان لەسەر شانە و ئەو ئەرکە دەبێت چۆن بەڕێوە ببەن؟
خوێندکارەکان بەردەوام بەشێک بوون لە ڕاپەڕینەکە و بەردەوامیش هێرش کراوەتە سەریان. پێم وا بێت تاکوو ئێستە بەباشی ئەرکی خۆیان بەجێ هێناوە و دەبێت لەم ڕەوتەش بەردەوام بن و بە خۆپیشاندان، مانگرتن و پاڵپشتی لە خوێندکارانی ڕفێندراو و بەندکراو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانەوە، گوشار بخەنە سەر ڕێژیم. ڕێژیمی ئیسلامی ترسی لە خۆپیشاندان و پەیوەستبوونی خوێندکاران بەم ڕاپەڕینەوە هەبووە و ئەم ترسەش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. هەرچەندە کە بە ئاشکرا سەرکوتیان دەکات، بەڵام سەرکوتی خوێندکاران لە شوێنێکی ئاکادمیک و لە زانکۆ، لە کۆمەڵگەی جیهانیدا دەنگدانەوەی زیاتری دەبێت و گوشاری زیاتریش دەخەنە سەر ئەم ڕێژیمە داگیرکەر و داپڵۆسێنەرە.
لە بەشداریی خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان لەو ڕاپەڕینەدا، مامۆستا کوردەکانی ئەو زانکۆگەلە چەندە لەگەڵ خوێندکاران کەوتن؟ یان بە واتایەکی تر مامۆستا کوردەکانی زانکۆکانی کوردستان تا چ ڕادەیەک پەیوەست بوون بە خرۆشانی خوێندکارانەوە؟
بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆ و قوتابخانەکانی کوردستان لەم ماوەیە و لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندان و مانگرتنەکاندا بەشدار بوون. هەر وەک هەموو بابەتێکی تر ناکرێت بیگشتێنین و بەدڵنیایییەوە بەشێکی تر لە مامۆستایان پەیوەست نەبوون یان هەڵویستی هێمنانەتریان گرتووە کە بە نۆرەی خۆی ئەتوانێت چندین هۆکاری جیاوازی هەبێت.
داخوازی و چاوەڕوانیی خوێنداکارانی کورد، بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستەدا لە حیزبە کوردستانییەکان چییە؟
خوێندکارانیش هەر وەک گشت چین و توێژەکانی تر و سەرجەم خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داخوازی و چاوەڕانی ئەوەن کە حیزبە کوردستانییەکان پاڵپشتیان بن و لە کۆمەڵگەی جیهان و بەتایبەت ڕێکخراوە نێودەڵەتییەکاندا دەنگی خوێندکارانی کوردستان بن، گرینگتر لەوە بەرپرسیار بن لە هەر چەشنە هەڵویستگرتن و بڕیاراتێکدا. خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ئێمەی خوێندکاران خوازیارین کە بە وشیاریی زیاترەوە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن و لایەنە سیاسییەکانی نەتەوەکانی تری چوارچێوەی جوگرافیای ئێران و بەتایبەت ئۆپۆزیسیۆنی فارسدا هەڵسوکەوت بکەن و بەرەوژەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵکی کوردستان توخمی سەرەکیی دانیشتنەکان، دانوستان و هەر چەشنە هاوپەیمانەتییەکی حیزبە کوردستانییەکان لەگەڵ هەر ئۆپۆزیسیۆنێکی تری نەتەوەکانی چوارچێوەی جوگرافیای ئێران و بەتایبەت فارسەکان بێت.
وەک دواهەمین پرسیار؛ لەم ڕاپەڕینەدا چەند ژمارەی شەونامەیەک لە شارەکانی کوردستان و ئێرانیشدا بڵاو کرایەوە، پێتان وایە ئامانج و کاریگەریی ئەو شەونامەیە چییە؟
یەکێک لە خاڵە گرینگەکان بۆ بەردەوامبوونی ڕاپەڕین ئەوەیە کە هەموو کەسەکان بە باشترین شێوە و لە بواری خۆیان و لە ئاستی توانایییەکانیاندا، ڕۆڵ و دەوری خۆیان بگێڕن و ئەرکی خۆیان بەجێ بێنن. کەواتە هەر چەشنە هەوڵێک و هەر کارێک کە ئاگری ڕاپەڕین گەش بێهڵێتەوە، پێویستە بکرێت یان بەڕێوە ببرێت. شەونامەکان، دیوارنووسین، بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشێگێڕانە و کارگەلێکی تر لەم چەشنە جگە لە ئاگادارکردنەوەی خەڵک، بەر بە ئاسایبوونەوەی دۆخەکە ئەگرێت و کڵپەی ئاگری ئەم ڕاپەڕین و شۆڕشە بڵێسەدارتر دەکات و خەڵکی زیاتر بۆ ڕاپەڕین هان دەدات.
بەڕێز بیرا سنە، سپاس بۆ ئەوەی کە لەم بارودۆخە هەستیارەتاندا کاتتان دانا و لەم هەڤپەیڤینەدا بەشداریتان کرد
سپاس بۆ ئێوەش و ماندوو نەبن، بەهیوای سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەمان و ڕزگاری و ئازادیی نیشتمانی داگیرکراومان.