کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتیی ناسراو و ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

12:18 - 11 خەزەڵوەر 2722

مامۆستا "مەلا سابیری گوڵینێ" ناسراو بە مەلا سابیری مەدەنی، کەسایەتیی دیار و نیشتمان‌پەروەری ناوچەی سەردەشت پاش ساڵێک بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو هەر لە کۆنەوە وەک شارۆمەندێکی ڕاستەقینە و خاوەن هەستی بەرپرسیارەتی لە حاند خۆشی و ناخۆشییەکانی خەڵک، بەردەوام بە دەم تەنگ و چەڵەمە کۆمەڵایەتییەکانی هاونیشتمانییانەوە بووە و دەستی باڵای لە سوڵح و ئاشتی و کوژاندنەوەی ئاگری دەیان ئاژاوەی بچووک و گەورە لە ناوچە و بگرە باشووری نیشتمانیش هەبووە.

مەلا سابیر خەباتکاری دێرینی گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بووە و هاوڕێ و هاوبیر و هاوسەنگەری شەهیدی سەرکردە، مەلا_ئاوارە و هەروەها قوتابی و دۆستی نزیکی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە بووە.

مەلا سابیر لە پرۆسەی "پیکار با بیسوادی"ی سەردەمی ڕێژیمی پێشوو و وتنەوەی وانە بە نەخوێندەواران و هەروەها دامەزراندنی کتێبخانە لە سەردەشت و چەندین کار و چالاکیی دیکە، لە خزمەتی فەرهەنگی بە گەلەکەی‌دا هیچکات کۆتایی نەکردووە و هەر بەو هۆکارانەش چەندین جار پێش شۆڕش و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کەوتۆتە بەندیخانە و ئەزیەت و ئازار و نەهامەتییەکی زۆری چێشتووە و چۆکی دانەداوە.

ناوبراو ڕۆژی ١١ی خەزەڵوەری ۱٤۰۱ۍ هەتاوی، لە نەخۆشخانەی شاری ورمێ پاش یەکساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.