لە بۆکان هێزەکانی ڕێژیم بە هێزێکی زۆرەوە دەورووبەری گۆڕستانی بیمارستانیان تەنیوە و ئیزن بە خەڵک نادەن لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی شەهید «ئەمجەد عینایەتی»دا بەشدار بن.
سەرەڕای بوونی ئەو هێزە زۆرە، لاوانی نیشتمانپەروەری بۆکان بەرەوڕووی گۆڕستان ئاگریان هەڵکردووە و لە شەقامی بیمارستان بەدژی ڕێژیم دروشم دەدەن. لە بەرانبەردا هێزە تیرۆریستییەکان ڕاستەوخۆ بە چەک و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردۆتە سەر خۆپێشاندەران.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزێکی زۆری یەگان ویژە و سپا لە شارەکانی میاندواو، سایینقەڵا و خەلیفانەوە بو سەرکوتی خەڵک هێنراونەتە شاری بۆکان و ئێستا فەزایەکی بەتەواوەتی میلیتاریزە بەسەر بۆکاندا زاڵە. هەروەها خەڵکێکی زۆر ویستویانە بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناشتنی شەهید «غەفوور مەولوودی» لە ئاوایی سەهۆڵان بکەن، بەڵام ڕێگای بۆکان بۆ مەهاباد لەلایەن هێزە تیرۆریستییەکانی سپای پاستاڕانەوە بەستراوە؛ کەچی سەرەڕای بەستنی ڕێگا ئەسڵییەکان خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری سەهۆڵان لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون.
شەهید غەفوور مەولوودی دۆینێ ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر لە میراوای بۆکان لەلایەن تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی شەهید کرا.