کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەلووچستان دوای نوێژی هەینی دژی رێژیم ڕاپەڕین

19:14 - 27 خەزەڵوەر 2722

چەندین شاری بەلووچستان دوای نوێژی هەینی دژی رێژیم ڕاپەڕین. 

ئەمڕۆ هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی ئازادیخوازی بەلووچستان لە چەندین شاری ئەو پارێزگایە، لە دوای نوێژی هەینی دژی ڕێژیمی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان دا.

خۆپیشاندەرانی بەلووچ بە دانی دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی" شەقامەکانیان خستووەتە ڕیژ کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و دوای ئەوە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردن بەرەوە فەرمانداریی شاری "پەهرە" وەڕی کەوتن.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، لە چوارڕێیانی "پاستۆڕ" بە گولەی ساچمە هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران کە بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک لە ئازادیخوازان.

هیزەکانی ڕێژیم لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری "ڕاسک" لە شەقامەکاندا سەنگەریان گرتووە، لە بەرانبەردا ئازادیخوازانی بەلووچ لە شارەکانی"زاپ و سەراوان" شەقامەکانیان کۆنتڕۆڵ کردووە و دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا و لە زاپ ئاڵای ڕێژیمیان لە قووتابخانەیەک هێناوەتە خوارەوەو بە دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی" ئاگریان دا.

لە شاری "خاش" خۆپیشاندەران لەبەر دەرگای بنکەی "یەگانی ئیمداد"ی ئەو شارە کۆبوونەتەوە و بۆ جاری دووهەم تابڵۆی "قاسم سلێمانی"یان هەڵکەندووە و خستوویانتە ژێر پێی خۆیان و ڕێژیمیش بە دڕۆن لە بەسەر خەڵکدا سووراوەتەوە.

لەو پێوەندییەدا خەڵکی گوندی "مورتان" سەر بە شاری ڕاسک ڕاپەڕیون و دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان داوە.

لە "چابەهار" تابڵۆیەکیان بە ناوی بلواری خومەینی هەڵکەندووە و بە دروشمی "خومەینی بێ شەرەف" خستوویانەتە ژێر پێی خۆیانەوە.

خەڵکی بەلووچ ڕایانگەیاندووە: "خوینی شەهیدانی "زاهیدان و خاش" و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەلووچستان و ئێران لەبیر ناکەین و هاوکات نەتەوەکانی ژێر دەسەڵات بە ڕاپەڕینی سەرتاسەری هەوڵی ڕووخانی ئەو ڕێژیمەیان هەیە".