کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگاداری و ڕوونکردنەوە لەسەر کۆمەڵێک پەیجی گوماناوی

10:47 - 28 خەزەڵوەر 2722

ماوەیەکە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئینستاگرام و تێلگرام کۆمەڵە پەیجێکی گوماناوی وەک "jashgeer" و چەند پەیجێکی دیکە کە بە ناوی شارەکانی کوردستانەوە کراونەتەوە کە بە مەبەستی جۆراوجۆری گوماناوی ناوی کەسانێک وەک جاش و سیخوڕ بڵاو دەکەنەوە. ئەم پەیجانە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ناوی ژمارەیەک بەکرێگیراوی سەر بە حکوومەت، بە داخەوە ناوی چەندین کەسی خۆشناو و دڵسۆزیشیان بە ناڕەوا زڕاندووە و خەڵکیان لەدژی ئەم کەسە خۆشناوانە هان داوە. 

دوابەدوای ئەوەی لە حەوتووی ڕابردوودا چەندین سکاڵامان لەسەر ئەم پەیجە پێ گەیشت، خەڵکی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە، نێوەرۆکی ئەم پەیجە بە هیچ شێوەیەک لەلایەن حیزبی دێموكڕاتی کوردستانی ئێران و هیچ ئۆرگانێکی ئەم حیزبەوە پەسند ناکرێ و ئەم جۆرە ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردن و تەڕ و وشک پێکەوە سووتاندنانە لە سیاسەتی حیزبی دێموکڕاتدا نییە. گومانی ئەوەش دەکرێ ئەم جۆرە پەیجانە لە لایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و بە مەبەستی نانەوەی ئاژاوە و قوربانیکردنی کەسانی خۆشناوی کۆمەڵگە و بەلاڕێدابردنی شۆڕشی ڕەوای خەڵکی کوردستان دامەزرابن، بۆیە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین بە هیچ شێوەیەک متمانە بەو پەیجانە مەکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ڕاگەیاندن

٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١