کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مزگەوتەکانی کوردستان، تریبوونی پشتگیری لە شۆڕشە مەزنەکەی خەڵکی کوردستانن

10:52 - 28 خەزەڵوەر 2722

پاش ئەوەیکە مامۆستایانی ئایینیی شارەکانی کوردستان پاڵشپتیی خۆیان لە خەڵکی کوردستان دژی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئاخوندی ئێران دەربڕی و یەکدەنگ تێکەڵ بە ڕیزی خەڵک بوون، تریبوونی مزگەوتەکان بووە بە تریبوونێکی بەهێز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان.

پاش کوشتنی بەئەنقەستی ژینا ئەمینی، بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران و سەرهەڵدانی شۆڕشە مەزنەکەی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان لە ژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و هەڵوێستی بوێرانەی مامۆستایانی ئایینیی شارەکانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی ئاخوندی، ئێستا مزگەوتەکانی کوردستان بوونەتە تریبوونی ئەو شۆڕشە مەزنە.

بەردەوام لە مزگەوتەکانی شارەکانی کوردستان سروودی ئەی ڕەقیب و ئەی شەهیدان و دەیان سروودی شۆڕشگێڕانەی دیکە بڵاو دەکرێتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گڕ و تینێکی زیاتر بەو شۆڕشە دەدرێ و بەم هۆیەشەوە ترسی زیاتر کەوتووەتە دڵی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.