کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی هاوبەشی وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا دژی ئێران

11:09 - 28 خەزەڵوەر 2722

وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا، پاش دەرکردنی بڕیارنامەی شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، سەبارەت بە هاوکارینەکردنی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، پێشوازییان لە گوشاری زیاتری ئەو شۆرایە بۆ سەر ڕێژیمی ئێران کرد.

لەو بەیاننامە هاوبەشەدا کە ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی لە لایەن وڵاتانی "فەرانسە، ئاڵمان، بریتانیا و ئەمریکا"وە بڵاو کراوەتەوە هاتووە کە، ئەو بڕیارنامەیە دژی ڕێژیمی ئێران، کاردانەوەیە بە هاوکارینەکردنی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی و ئەگەر ئێران بەردەوام بێ لە هاوکارینەکردنی ئەو ئاژانسە ئەوە دەبێ چاوەڕوانی کاردانەوەی توندتری ئێمە بێ.

ڕەشنووسی ئەو بڕیارنامەیە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر لەلایەن شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکییەوە پەسەند کرابوو و وڵاتانی فەرانسە، ئاڵمان، بریتانیا و ئامریکا پاش ئامادەکردنی ئەو بڕیارنامەیە دژی ئێران بۆ پەسەندکران دابوویان بە ٣٥ وڵاتی ئەندام لە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی.